وێستگەی كارەبای گەڕەكی 17 تەمموز لە موسڵ كۆنترۆڵكرایەوە

کاروانێکی ئۆتۆمبێلەکانی داعش كرایە ئامانج

K24 - ھەولێر

فەرماندەیی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق کۆنتڕۆڵکردنەوەی وێستگەی کارەبای گەڕەکی 17 تەمموزی رۆژئاوای موسڵی راگەیاند.

فەریق رائید شاکر جەودەت، فەرماندەی هێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانیان وێستگەی کارەبای  گەڕەکی 17 تەمموزیان کۆنتڕۆڵکردووەتەوە و ئاڵای عێراقیشیان لەسەر منارەی مزگەوتی موفتی لەو گەڕەکە هەڵکردووە.

گوتیشی، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی کاروانێکی ئۆتۆمبێلەکانی داعشیان لە گەڕەکی ئیقتیسادینی موسڵ کردووەتە ئامانج، بەوهۆیەشەوە ژمارەیەک چەکداری داعش کوژراون.

لە چەند رۆژی رابردوودا، هێزەکانی عێراق دوای زیاتر لە دوومانگ گەمارۆدانی گەڕەکی موسڵی کۆن توانیان بچنە نێو ئەو گەڕەکە.