بارزانی: بڕیاری ڕیفراندۆم لەسەر بنەمای ئەزموونێكی تاڵ لەگەڵ دەوڵەتی عێراق دراوە

"ئه‌وانه‌ی قووتی گه‌لی كوردستانییان بڕی بڕیاری دابه‌شكردنی عێراقییاندا"

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، بڕیاری ڕیفراندۆمی گەلی كوردستان لەسەر بنەمای ئەزموونێكی تاڵ لەگەڵ دەوڵەتی عێراق دراوە.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان راشیگه‌یاند، لەو رۆژەی بڕیاریان لە بڕینی قووتی خەڵكی كوردستان دا هەر ئەوانەیش بڕیاریان لە دابەشكردنی عێراق دا.

ئه‌و لێدوانانه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ چوارچێوه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ كەسایەتی كۆمەڵایەتی و ئاكادیمی و سەرۆك هۆزە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا و مەخموور له‌ هه‌ولێری پایته‌خت و تێیدا باسی له‌ دوایین پێشهاتە سیاسییەكان و بارودۆخی شاری موسڵ و ڕیفراندۆم و گوزەرانی ئاوارەكان كرد.

لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا ئاماژەی بە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی پارێزگای نەینەوا و تێكشكانی سەربازیی تیرۆریستانی داعش دا و جەختی لەوە كردەوە كە ئەگەر هۆكارەكانی دەركەوتنی داعش چارەسەر نەكرێت هەڕەشەی دەركەوتنەوەی داعش بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوام دەبێت و پێویستە مامەڵە لەگەڵ ئەنجامەكان نەكرێ بەڵكۆ هۆكارەكان چارەسەر بكرێن.

سەرۆك بارزانی هێمایشی بەوەدا كە چارەنووسی هەموو لایەكمان هاوبەشە و یارمەتیدانی ئاوارەكانیشی بە ئەركێكی مرۆڤی و برایانە لە قەڵەم دا.

 

لە بەشێكی تری وتەكانیدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر بڕیاری ڕیفراندۆمی گەلی كوردستان كە لەسەر بنەمای ئەزموونێكی تاڵ لەگەڵ دەوڵەتی عێراق دراوە و بە دوورودرێژی باسی ئەو نەهامەتی و كارەساتانەی كرد كە لە سەدەی ڕابردوو لە لایەن حكوومەتەكانی عێراق بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە و مەرجی شەراكەت لەگەڵ گەلی كورد لە لایەن حكوومەتەكانی عێراق پێشێل كراوە.

سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا باسی لە قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس كرد و باسی لە بەشداریی كارای كوردستان كرد لە دووبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەتی عێراق و نووسینەوەی دەستوور بەڵام بە شێوەیەكی نا یاسایی و نادەستووری وەك سزادانی هەرێم نانی خەڵكی كوردستان بڕدرا و هەر لەوە ڕۆژەی بڕیاریان لە بڕینی قووتی خەڵكی كوردستان دا هەر ئەوانەیش بڕیاریان لە دابەشكردنی عێراق دا.

سەرۆك بارزانی مانەوەی بارودۆخی عێراقی بەمشێوەیە بە هەڕەشە و مەترسی زانی و ئەوەیشی خستەڕوو كە ناكرێ لە عێراقێكی یەكگرتوودا بمێنینەوە و شەڕ بكەین و كێشەكان قووڵتر ببنەوە و دوای ڕیفراندۆمیش كوردستان دەكەوێتە گفتگۆ و لێكتێگەییشتن لەگەڵ بەغدا بۆ گەییشتن بە چارەسەری گونجاو و ئاشتیانە و بەغدا و هەولێریش قووڵایی ستراتیژیی یەكتر دەمێننەوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی كەسایەتی كۆمەڵایەتی و ئاكادیمی و سەرۆك هۆزەكانی پارێزگای نەینەوا و مەخموور پرسیار و تێبینی و نیگەرانییەكانیان لەبارەی بارودۆخی ئاوارەكان و ئاییندەی ناوچەكانیان بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو و سەرۆك بارزانیش وەڵامی تێبینی و پرسیارەكانی دایەوە و ئامادەبوانی لەوە دڵنیا كردەوە كە فەرهەنگی گەلی كوردستان فەرهەنگی پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ و دژی جیاكارییە لەنێوان پێكهاتەكان، ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە ئەوەی لەگەڵ داعش بێت چارەنووسی داعشی دەبێت و ئەوەی پەیوەندی بە داعش نەبووبێت كەرامەتی پارێزراوە و برای ئێمەیە. سەرۆك بارزانی داوایشی لە كەسایەتی كۆمەڵایەتی و ئاكادیمی و سەرۆك هۆزە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا و مەخموور كرد كە بە ئازادییەكی تەواو لە ڕیفراندۆمدا بەشدار بن و خەڵكی ناوچەكە چ بڕیارێك لە چارەنووسی خۆی دەدات ئەو بڕیارە جێبەجێ دەكرێ و هیچ سیغەیەك بەسەریاندا ناسەپێندرێت.