بارزانی بۆ نوێنه‌ری یه‌كێتی ئه‌وروپا: گەلی كوردستان ئەزموونێكی تاڵی هەیە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق

بە هیچ شێوەیەك پاشگەزبوونەوە لەو بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆم نییە

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری یه‌كێتی ئه‌وروپا و ژماره‌یه‌ك نوێنه‌ر و كۆنسوڵی وڵاتانی ئه‌وروپا له‌ شاری هه‌ولێر كۆبووه‌وه‌ و هۆكاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی روونكرده‌وه‌.

وێبسایتی فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌، پاتریك سیمۆن، نوێنه‌ری یه‌كێتی ئه‌وروپا، ئاماژه‌ی به‌ كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا كردووه‌ و په‌یامی یه‌كێتی ئه‌وروپای گه‌یاندووه‌ته‌ بارزانی.

سیمۆن له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ بارزانی رایگه‌یاندووه‌، یه‌كێتی ئه‌وروپا یەكێتیی ئەوروپا پشتیوانیی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق دووپات كردووەتەوە لە بەرانبەر تەحەدیات و كێشەكاندا. هەروەها ستاییشی ڕۆڵ و بەشداریی گەلی كوردستانیان كردووە لە شەڕی دژی تیرۆر و حەواندنەوەی ئاوارەكان و پێزانینیشیان بۆ قارەمانێتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە دووپات كردووەتەوە.

هه‌ریه‌ك له‌ باڵیۆز و كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا و باڵیۆزانی بەلجیكا و پۆڵەندا لە عێراق و بەرپرسی ئۆفیسی یەكێتی ئەوروپا لە هەولێر و نوێنەرانی باڵیۆزخانەی ئیتالیا و ئیسپانیا لە عێراق و كۆنسوڵەكانی ئەڵمانیا و فەڕەنسا و هۆڵەندا و نوێنەرانی كونسوڵخانەی بریتانیا و چیك و ڕۆمانیا لە شاری هەولێر، ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەری یەكێتیی ئەوروپا وێڕای ئاماژەدان بە كۆبوونەوەی ڕۆژی 19ـی 6ـی 2017ـی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا لە شاری بروكسێل پەیامی یەكێتیی ئەوروپای بۆ سەرۆك بارزانی و ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە خستەڕوو كە تێیدا یەكێتیی ئەوروپا پشتیوانیی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق دووپات كردووەتەوە لە بەرانبەر تەحەدیات و كێشەكاندا. هەروەها ستاییشی ڕۆڵ و بەشداریی گەلی كوردستانیان كردووە لە شەڕی دژی تیرۆر و حەواندنەوەی ئاوارەكان و پێزانینیشیان بۆ قارەمانێتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە دووپات كردووەتەوە. نوێنەری یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق ئەوەیشی باس كرد كە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ یەكێتیی ئەوروپا جێگەی بایەخە و بە پێویستیشی زانی كە پێكهاتەكانی عێراق بۆ شكاندنی تیرۆر و چەسپاندنی ئاشتی یەكگرتوو بن و تەركیز لەسەر بابەتە هاوبەشەكان بكەن و خۆیان لە بڕیاری یەكلایەنە بپارێزن و چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكان و چارەنووسی ناوچە جێناكۆكەكان لە ڕێگەی ئاشتی بێت چونكە ئەمە لە بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمە. نوێنەری یەكێتیی ئەوروپا هێمای بە بڕگەیەكی تری پەیامی یەكێتی ئەوروپادا بۆ لایەنە سیاسییەكانی هەرێم كە بۆ زاڵبوون بەسەر تەحەدیاتە سیاسییەكان و پڕۆسەی چاكسازی و هەڵبژاردنەكان، ناكۆكییەكانیان وەلا بنێن و ڕێكبكەون. نوێنەری یەكێتیی ئەوروپا ئەوەیشی خستەڕوو كە مەبەست لە سەردانیان بۆ كوردستان گەیاندنی پەیامی یەكێتی ئەوروپا و تێگەییشتنی باشترە لە بڕیار و داواكارییەكانی هەرێم.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا كە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و نوێنەرانی حزبی شیوعی و بزووتنەوەی ئیسلامی و حزبی زەحمەتكێشان و نوێنەری حزبە توركمان و مەسیحییەكانی كوردستان ئامادەی بوون، سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا بە وردی ئەو هۆكارانەی شی كردەوە كە هانی گەلی كوردستانی داوە بەرەو ڕیفراندۆم هەنگاو بنێت.

سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە سەرەتاكانی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق دا كە تێیدا گەلی كوردستان بە مەرجی شەراكەت بڕیاری ژیان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی دا بەڵام لە قۆناغی 1921 هەتا 2003 نەك تەنیا شەراكەت جێبەجێ نەكرا بەڵكو چەمكی هاووڵاتیبوونی گەلی كوردستانیش جێبەجێنەكرا و لەو ماوەیەدا 4500 گوندی كوردستان وێران كرا و 180 هەزار ڕۆڵەی كورد بەر پڕۆسەی ئەنفال كەوتن و بێ سەروشوێن كران و دوازدە هەزار گەنجی فەیلی و هەشت هەزار بارزانی بێسەروشوێن كران و كوردستانیش كیمیاباران كرا و هەڵەبجە بووە هێمای ئەو تاوانە. سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئەو نەهامەتی و جینۆسایدە بەشی شەراكەتی ئێمە بووە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق، لەگەڵئەوەیشدا لەدوای 1991 گەلی كوردستان ویستی لاپەڕەیەكی تازە بكاتەوە و لەپێناو یەكپارچەیی عێراق و ئاشتیدا لەگەڵ ئەو كەسانە دانیشت كە تاوانی جینۆسایدیان لەدژی گەلی كوردستان ئەنجامدابوو بەڵام بەداخەوە ئەو هەوڵەیش سەری نەگرت چونكە فەرهەنگی حاكم لە بەغدا فەرهەنگی بەپاشكۆدیتن و بەتاوانبارزانینی گەلی كوردستان بوو.

 

سەرۆك بارزانی هێمای به قۆناغی دوای 2003 دا كە گەلی كوردستان بە هەموو توانایەكەوە یارمەتیی بنیاتنانەوەی عێراقی دا لەسەر بنەمای دیموكراسی و فیدرالیزم و دەستوور و شەراكەت و تەوافوق و، ئومێدی بە ژیانێكی نوێ هەبوو بەڵام هەموو ئەو بنەمایانە بە دەستووریشەوە لە لایەن حكوومەتەكانی عێراق و فەرهەنگی باڵادەست لە بەغدا پشتگوێ خران و پێشێل كران و كار گەییشتە سەر ئەوەی وەك سزادانێكی سیاسی قووتی تێكڕای گەلی كوردستان بڕدرا كە ئەوە پێشێلكردنی مەترسیداری هەموو هەوڵێك بوو بۆ بنیاتنانی عێراق و مەسەلەی شەراكەت.

سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە گەلی كوردستان ئەزموونێكی تاڵی هەیە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و هەموو ڕێگەیەكی بۆ پاراستنی عێراقی یەكگرتوو تاقی كردووەتەوە و قوربانی و باجی زۆری داوە بەڵام بێ ئەنجام بووە و دواجار بەو ئەنجامە گەییشتووە كە مادام نەتوانرێ شەراكەت بپارێزرێ و لەپێناو ڕێگەگرتن لە شەڕ و نەهامەتی و كێشەی مەترسیدار با وەك دوو دراوسێ لە تەنیشت یەكتردا بژیین. سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر بڕیاری دیاریكردنی ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و جەختی لەوە كردەوە كە بە هیچ شێوەیەك پاشگەزبوونەوە لەو بڕیارە نییە و پێویستە خەڵكی كوردستان ڕای خۆیان لەبارەی چارەنووس و ئاییندەی خۆیان دەرببڕن و دوای ئەوەیش هەرێمی كوردستان دەكەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و هەموو ڕێگەیەكی ئاشتیانە و دیالۆگ دەگرێتەبەر بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و گەییشتن بە تەفاهومێك كە خزمەتی ئاشتی و ئاساییش و پێشكەوتنی هەردوولا و ناوچەكە بكات.

لەبارەی شەڕی داعشیشەوە سەرۆك بارزانی ئەوەی ڕاگەیاند كە گەلی كوردستان باجێكی زۆر گەورەی لەو شەڕە دا. پێشتر ڕێككەوتن هەبوو كە پێشمەرگە بەشێكە لە مەنزوومەی بەرگریی عێراق بەڵام ئەو ڕێككەوتنەیش جێبەجێ نەكرا و بەهۆی ئابلۆقەی چەندساڵەی چەك لەسەر پێشمەرگە، پێشمەرگە چەكی پێویستی نەبوو لەبەرانبەر ئەو تیرۆریستانەی كە باشترین چەكیان لەبەر دەستدابوو و یەكێك لە هۆكارەكانی جینۆسایدی ئێزیدییەكان ئەو ئابلۆقەیە بوو كە حكوومەتی عێراق بەسەر هێزی پێشمەرگەدا سەپاندی و بەمجۆرە حكوومەتی عێراق، كوردستان  و پێكهاتەكانی عێراقی لە هەڕەشەی تیرۆریش نەپاراست. هەروەها لەبارەی ئەو ئاوارانەی ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە حكوومەتی عێراق كەمتەرخەم بووە لە یارمەتیدانی هەرێم وەك بڵێی بابەتی ئاوارەبوونی سەدان هەزار عێراقی كە لە هەرێم نیشتەجێبوون لە دەره‌وەی سنوورەكانی عێراق ڕووی دابێت.

سەرۆك بارزانی هێمای بە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ دا و ئەوەی دووپاتكردەوە كە سەرباری هەموو ئەوانە پێشمەرگە یارمەتیی سوپای عێراقی دا و هێڵە بەرگرییەكانی داعشی تێكشكاند و ڕێگەی بۆ ئۆپەراسیۆنی موسڵ خۆش كرد. جەختیشی لەوە كردەوە كە هەماهەنگیی سەربازی لەگەڵ سوپای عێراق و ڕووبەڕووبوونەوە و تێكشكاندنی تیرۆر بۆ هەرێمی كوردستان ئەولەویەت دەبێت. سەرۆك بارزانی لە كۆتایی قسەكانیدا ئەوەی خستەڕوو كە هەرێمی كوردستان هاوكاری حكوومەتی عێراقی دەبێت لە شەڕی تیرۆر و داوایشی كرد یەكێتیی ئەوروپا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتیدەری گەلی كوردستان و عێراق بن لە پڕۆسەی دیالۆگ و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان و گەییشتن بە لێكتێگەییشتنێكی ئاشتیانە و هەروەها ئەوەیشی داوا كرد كە یەكێتیی ئەوروپا دژایەتیی مافە یاسایی و سرووشتی و ئیلاهییەكانی گەلی كوردستان نەكەن و گەلی كوردستان چاوەڕوانی ئەوەی لە ئەوروپا هەیە پشتیوانی ئەو مافانەیان بن و لە شەڕی تیرۆر و ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدیات پاڵپشتیان بێت.