ئه‌فسه‌رێك له كاتی پێشكه‌شكردنی داوای هاوسه‌رگیریی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ده‌تۆقێنێ
K24 - هه‌ولێر:
كچێكی ئۆكرانی تووشی شۆك بوو كاتێك بینی خۆشهوێستهكهی كه ئه‌فسه‌رێكی گومرگی ئۆكرانییه به شێوه‌یه‌كی نامۆ و وه‌ك خۆی گوتوویه‌تی به " خراپترین شێواز" داوای هاوسه‌رگیریی لێكردووه.
"ئۆكسانا چیكۆفیسكایا" له‌و كاته‌ی له پۆڵۆنیاوه ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ ئۆكرانیا، له لایه‌ن هاوكارانی ئه‌فسه‌ره‌كه‌وه ئۆتۆمبێله‌كه‌ی له خاڵی سنووریی (دوروهۆسك - یاهودین) له باكووری رۆژئاوای ئۆكرانیا راگیراوه. پاشان پشكنینێكی زۆر وردیان بۆ ئۆتۆمبێلی كچه‌كه كردووه و سه‌گی پۆلیسیان له پشكنینه‌كه‌دا به‌كارهێناوه، به‌ڵام كێسی داپۆشراویان له ئۆتۆمبێله‌كه‌دا ده‌رهێناوه‌و رایانگه‌یاندووه كه " ماده‌ی قه‌ده‌غه‌كراویان دۆزیوه‌ته‌وه" هه‌ر بۆیه كچه‌كه تووشی شۆك بووه و زۆر ترساوه.
به‌ڵام كچه‌كه به په‌له ده‌ستیكردووه به نكۆڵی‌كردن له‌و مادانه‌ی ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی و گوتوویه‌تی ئاگاداری ئه‌و مادانه نییه، دواتر هاوكارانی ئه‌فسه‌ره‌كه به كچه‌كه ده‌ڵێن به‌و هۆیه‌وه 3 تا 6 ساڵ زیندانی ده‌كرێیت".
له‌و كاته‌دا كچه‌كه تووشی شۆك ده‌بێت و زۆر ده‌ترسێت، به‌ڵام ئه‌فسه‌ره‌كه كه ناوی "یۆری بیرووك"ـه به ده‌سته‌یه‌ك گوڵێكه‌وه له پشت ئۆتۆمبێله‌كه‌وه دێت و داوای هاوسه‌رگیری له خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ده‌كات.
دواتر بۆ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی روون ده‌كاته‌وه ئه‌وه‌ی كراوه به‌رنامه بۆ داڕێژراو بووه‌و ئه‌و مادانه‌ش یاساغ نه‌بوون ته‌نها چه‌ند كیسه شه‌كرێك بوون پێچراونه‌ته‌وه‌و خۆیان به‌كاریان هێناوه، بۆیه كچه‌كه له خۆشی‌دا ده‌ست به گریان ده‌كات و هاوسه‌رگیرییه‌كه قبوڵ ده‌كات.
به‌ڵام پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤیدیۆكه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، خه‌ڵكانێكی زۆر ره‌خنه‌یان له‌و شێوازه گرتووه بۆ داواكاریی هاوسه‌رگیری و به دوور له كه‌شوهه‌وای رۆمانسییان ناوبردووه‌و به گونجاویان نه‌زانیووه. چونكه ئه‌فسه‌ره‌كه له بری دڵخۆشكردنی ده‌ستگیرانه‌كه‌ی، ترس و نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێی تووشكردووه.