235 تاوانبار لەسەر ماددەی هۆشبەر دەستگیر دەكرێن

ھەندێکیان بڕێکی دراوی ساختەیان لە دەست گیراوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لە ماوەی شەش مانگدا بەرێوەبەرایەتی گشتی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەکانی سەر بە ئاسایشی گشتی ھەرێمی کوردستان، 235 تاوانباری دەستگیر کردووە، کە لەو ماوەیەدا بازرگانیان بە ماددەی ھۆشبەر کردووە یان بەکاریان ھێناوە، ھەندێکیشیان بڕێکی زۆر دۆلار و پارەی ساختەیان لە دەست گیراوە.

ئەم ماددانەی دەستیان بەسەرداگیراوە، لە ماددە مەترسیدارەکانی ھۆشبەرین، ھەموویان لە وڵاتانی دراوسێ بە رێگای قاچاخەوە هێنراونەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان، قاچاخچییەکان ھەوڵیانداوە لە رێگای ھەرێمی کوردستانەوە بە وڵاتانی دونیای بگەیەنن، بەھۆی چاوکراوەیی کارمەندانی بەرێوەبەرایەتی گشتی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەکان ھەموو ھەوڵەکانیان پووچەڵ کراونەتەوە.