هێرشێكی فراوانی ئه‌لیكترۆنی ده‌كرێته سه‌ر ژماره‌یه‌ك كۆمپانیای زه‌به‌لاحی جیهان
K24 - هه‌ولێر:
ژماره‌یه‌ك كۆمپانیای زه‌به‌لاحی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه رایانگه‌یاند، هێرشی ئه‌لیكترۆنی كراوه‌ته سه‌ر سیسته‌می كۆمپیوته‌ری و ئه‌لیكترۆنی كۆمپانیاكانییان، كه وڵاتانی رووسیا، ئۆكرانیا و چه‌ند وڵاتێكی دیكه‌ی ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵات و ئه‌مه‌ریكای گرتووه‌ته‌وه.
كۆمپانیای مێرسیكی تایبه‌ت به گواستنه‌وه‌ی ده‌ریایی دانیمارك، كۆمپانیای رێكلامی به‌ریتانیا ده‌بڵیو پی بی، كۆمپانیای پیشه‌سازی سان گۆربانی فه‌ره‌نسی، دووچاری ئه‌و هێرشه ئه‌لیكترۆنییه بوونه‌ته‌وه و دووپاتیشیان كردووه‌ته‌وه، توانیویانه سیسته‌می كۆمپیوته‌ری خۆیان و داتاكانییان له له‌ناوچوون و له‌ده‌ستدان بپارێزن.
هێرشه‌كه كۆمپانیای میركی ئه‌مه‌ریكی تایبه‌ت به پیشه‌سازی ده‌رمانیشیی گرتووه‌ته‌وه و ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مجاره كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان بكه‌ونه به‌ر ئه‌و هێرشانه.
له رایگه‌یاندراوێكدا كۆمپانیای میرك له توویته‌ر ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، هێرشێكی ئه‌لیكترۆنی سیسته‌می كۆمپیوته‌ری كۆمپانیاكه‌ی ئه‌وان و چه‌ند كۆمپانیایه‌كی دیكه‌ی ئه‌مه‌ریكشیی گرتووه‌ته‌وه‌و له ئیستاشدا سه‌رقاڵی لیكۆڵینه‌وه‌ن و دواتریش زانیاری زیاتر له‌و باره‌یه‌وه پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.
هه‌رچی بانكی ناوه‌ندی رووسیایه، رایگه‌یاند، كۆمپویته‌ره‌كانی ئه‌وانیش دووچاری ئه‌و هێرشه بوونه‌ته‌وه، به‌ڵام چه‌ند حاڵه‌تێكی كه‌میان به‌هۆی هێرشه‌كه‌وه وه‌ستاون.
هاوكات راشیگه‌یاندووه، بۆ راگرتنی ئه‌و هێرشانه له‌گه‌ڵ بانكه‌كانی دیكه‌ی وڵات، له په‌یوه‌ندیدان.
به‌رپرسانی وێستگه‌ی ئه‌تۆمی شێرنۆبلی ئۆكرانیش رایانگه‌یاند، سیسته‌می چاودێریكردنی تیشكدانه‌وه‌ی وێستگه‌كه به هۆی هێرشه ئه‌لیكترۆنییه‌كان راوه‌ستاوه و له ئیستادا كارمه‌ندانی وێستگه‌كه به ئامێری دیكه چاودێری تیشكدانه‌وه ده‌كه‌ن.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاژانسی هه‌واڵی ئۆكرانیا، به‌هۆی هێرشه‌كه، ویندۆزی كۆمپیوته‌ره‌كانیان له كاركه‌وتووه.