له رێوڕه‌سمێكی جه‌ماوه‌ریی فراواندا ته‌رمی عه‌بدولواحید گوانی به خاك سپێردرا
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه 28/6/2017 له رێوڕه‌سمێكی جه‌ماوه‌ری فراواندا، ته‌رمی عه‌بدولواحید گوانی، له ده‌ڤه‌ری سۆران ئه‌سپه‌رده‌ی خاك كرا.
عه‌بدولواحید گوانی، قایمقامی پێشووی چۆمان و سه‌رۆكی بۆردی ناشناڵ پاركی هه‌ڵگورد - سه‌كران بوو، رۆژی 25/6/2017 له شاری ڤییه‌نای پایته‌ختی ئۆستریا (نه‌مسا) به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه كۆچی دوایی كرد، رۆژی 27/6/2017 ته‌رمه‌كه‌ی له ڤییه‌ناوه گه‌ڕێنرایه‌وه هه‌رێمی كوردستان و بۆ رێزگرتن له خه‌بات و كاره‌كانی، رێوڕه‌سمیكی رێزلێنانی بۆ سازكرا.
ئه‌مڕۆش جه‌ماوه‌رێكی زۆری هه‌رێمی كوردستان و ده‌ڤه‌ری سۆران و باڵه‌كایه‌تی و به‌رپرسانی سیاسی و ئیداری حكومه‌ت و كه‌سایه‌تییه‌كانی پارچه‌كانی كوردستان، له رێوڕه‌سمی به خاكسپاردنه‌كه‌یدا ئاماده‌بوون.
له رێوڕه‌سمی به خاك سپاردنه‌كه‌یدا، ژماره‌یه‌ك وتار له لایه‌ن به‌رپرسانی سیاسی و حكومی ناوچه‌كه ده‌رباره‌ی ژیان و خه‌بات و به‌رهه‌مه‌كانی بۆ خزمه‌تكردنی ناوچه‌كه و كوردستان پێشكه‌شكران و ئاماژه به خه‌سڵه‌ته نیشتیمانی و مرۆڤدۆستی و ژینگه دۆستییه‌كانی قایمقامی پێشووی چۆمان درا.
عەبدولواحید حوسێن گوانی، لەدایكبووی ساڵی 1967 ی گوندی گوانی سەر بە شارۆچكەی دیانای دەڤەری سۆرانە. دەرچووی كۆلیژی یاسای زانكۆی دیجلەیە.
گوانی، لە ساڵانی هەشتاكاندا یەكێك بووە لە ئەندامانی رێكخستنە نهێنیەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی رێكخراوی پێشڕەوانی گەل-ی ئەو حزبە، بەهۆی چالاكییە سیاسیەكانیشی خراوەتە زیندانەكانی حزبی بەعس و ئازار و ئەشكەنجەیەكی زۆر دراوە.
لە راپەڕینی ئاداری 1991 رۆڵێكی دیاری لە ئازادكردنی ناوچەی سۆران هەبووە و یەكەمین بەڕێوەبەری ئاسایشی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە لە دەڤەری سۆران و هاوكات ماوەیەك قائیمقامی سۆران بووە.
چەند ساڵێكیش ئەندامی دەستەی كارگێڕی و بەرپرسی پەیوەندیەكانی لقی10ی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە.
ساڵی 1998 ئەندامی دەستەی كارگێڕی ناوەندی رۆشنبیری سۆران بووە. هەمان ساڵ رێكخراوی كۆمەڵەی سۆران بۆ چاودێری پەككەوتووەكان دادەمەزرێنێت. كە لە ماوەی نۆزە ساڵی رابردوودا ژمارەیەكی زۆری كەمئەندام و خاوەن پێداویستیە تایبەتییەكان لە پڕۆژەكانی سوودمەندبوونە و لە چوارچێوەی هەوڵەكانیشیدا بنكەیەكی تەندروستی و سەنتەرێكی چارەسەری پزیشكی كردۆتەوە، كە تا ئێستا بەردەوامیان هەیە.
چەند ساڵی رابردووش بە هاوكاری چەند ژینگەپارێزێك، پڕۆژەی ناشناڵ پاركی هەڵگورد سەكرانی راگەیاند، كە ئێستا كاری زۆری لەسەر كراوە و خراوەتە سەر نەخشەی جیهانی ناشناڵ پاركەكان.
عەبدولواحید گوانی لە ساڵی 2004 تاكو 2016 قائیمقامی قەزای چۆمان بووە و ماوه‌یه‌ك بوو به ده‌ست نه‌خۆشییه‌وه ده‌یناڵاند و له وڵاتی ئۆستریا (نه‌مسا) چاره‌سه‌ریی بۆ ده‌كراو له‌و ماوه‌یه‌شدا، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌ریمی كوردستان، سه‌ردانی ناوبراوی كردبوو، به‌ڵام دواجار له 25/6/2017 كۆچی دوایی كرد.