لێدوانێک لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بەو وتارەی لەم دواییەدا لە ئەلمۆنیتەر دەربارەی رەشنووسی پڕۆژە یاسای بەرگری ئه‌مريكا بڵاوکراوەتەوە

ئەو زمانەی ئاماژەی پێکراوە، لە دووتوێی پرۆژە یاسای بەرگریدا نەهاتووە

K24 – هه‌ولێر:

نوێنه‌رايه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ئه‌مريكا سه‌باره‌ت به‌ ده‌قى راپۆرتێكى ئه‌لمۆنيته‌ر كه‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردبوو، هاوكارييه‌ سه‌ربازييه‌كانى ئه‌مريكا بۆ پێشمه‌رگه‌ په‌يوه‌سته‌ به‌ مانه‌وه‌ى كورد له‌ عێراقدا، هاته‌ ده‌نگ.

له‌ روونكردنه‌وه‌يه‌كدا كه‌ وێنه‌يه‌كى بۆ كوردستان 24 نێردراوه‌، نوێنه‌رايه‌تى هه‌رێم له‌ ئه‌مريكا رايگه‌ياندووه‌، ئەو زمانەی ئاماژەی پێکراوە، لە دووتوێی پرۆژە یاسای بەرگریدا نەهاتووە، بەڵکو زمانی راپۆرتەکەیە کە ڕەنگە دواجار لە دووتوێی دەقی یاساکەدا هەبێت یان نەبێت. زمانەکە ورد نییە.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: ئێمە پێشوازیی لە هەر هەوڵێکی ويلایەتە یەکگرتووەکان دەکەین بۆ پتەوکردنی هەماهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، وەك لەو هاوکارییەدا دەبینین کە پێشتر نموونەی نەبووە لە نێوان پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی عێراق لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵ. ئێمە پێشوازیی لە هاوکاریی پراکتیکی زیاتر دەکەین لەگەڵ بەغداد.

ده‌قى روونكردنه‌وه‌كه‌:

لێدوانێک لە "نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا" سەبارەت بەو وتارەی لەم دواییەدا لە ئەلمۆنیتەر دەربارەی رەشنووسی پڕۆژە یاسای بەرگری (NDAA) بڵاوکراوەتەوە:

"نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا" بە پێویستی دەزانێت ئەم ڕوونکردنەوەیە بدات سەبارەت بە وتارەكەی ئەم دواییەی ئەلمۆنیتۆر لەسەر ئەو "زمانی ڕاپۆرت"ەی کە هاوەڵە لەگەڵ "رەشنووسی پڕۆژە یاسای بەرگری (NDAA)".

لیژنەی کاروباری سەربازی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، ئەم هەفتەیە رەشنووسی "پڕۆژە یاسای بەرگری" بڵاوکردەوە. لە زمانی ڕاپۆرتی پرۆژەیاساکەدا هاتووە: "لیژنەکە ئەوە لەبەرچاو دەگرێت کە مەبەست لەو یارمەتییانەی پێشکەش بە حکومەتی هەرێمی کوردستان کراون، پتەوکردنی هەماهەنگییە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق وپشتگیرییە لە هەوڵێکی یەکگرتووانە بۆ شەڕی دژ بە داعش. ئەم یارمەتیانە دەبێت مەرجدار بن لەسەر بەشداریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی عیراقێکی یەکگرتوو، و هەماهەنگی بەردەوام لە هەڵمەتی دژ بە داعش".

حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسگوزارە لە بەرامبەر پشتگیری بەردەوامی کۆنگرێس. ئەو زمانەی ئاماژەی پێکراوە، لە دووتوێی پرۆژە یاسای بەرگریدا نەهاتووە، بەڵکو زمانی راپۆرتەکەیە کە ڕەنگە دواجار لە دووتوێی دەقی یاساکەدا هەبێت یان نەبێت. زمانەکە ورد نییە و وەها باس دەکات کە ئەوە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆیەتی کە ئاخۆ بەشداری دەکات لە حکومەتی عێراق. بە گوێرەی سیستمی پەرلەمانی عێراق، ئەو فراکسیۆنە سیاسییە براوانەی کە زۆرینەن ئەوان بڕیار دەدەن کە ئاخۆ حکومەتێکی ئیئتیلافی پێك بهێنن لە بەغدا یان نا.

دوایین نوسخەی پرۆژەیاساكە تا ماوەیەكی تریش دەنگی لەسەر نادرێت. "زمانی ڕاپۆرت"ەکەش کە هاودەمە لەگەڵ پرۆژە یاساکە هیچ سیاسەتێکی دیاریکراو ناسەپێنێت بەسەر ئیدارەی ئەمريكادا.

ئەندامانی کۆنگرێس، بە تایبەتیش ئەندامانی لیژنەکانی سەربازی و پەیوەندییەکانی دەرەوە لە هەردوو ئەنجومەنەکە، بەرده‌وام رۆڵی سەرەکی پێشمەرگەیان لە شەڕی دژی داعش و جوامێریی گەلی کوردستانیان لە پێشوازیکردن لە نزیکەی ١.٨ ملیۆن ئاوارەی عێراقی و پەنابەری سوری، بەرز نرخاندووە. 

ئێمە پێشوازیی لە هەر هەوڵێکی ويلایەتە یەکگرتووەکان دەکەین بۆ پتەوکردنی هەماهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، وەك لەو هاوکارییەدا دەبینین کە پێشتر نموونەی نەبووە لە نێوان پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی عێراق لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵ. ئێمە پێشوازیی لە هاوکاریی پراکتیکی زیاتر دەکەین لەگەڵ بەغداد.

حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام جەخت دەکەنەوە لە هەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش. ئەم هەڵوێستە بەردەوام دەبێت لە کاتێکدا کە داعش هەڕەشەی مان و نەمانە لەسەر گەلی کوردستان و عێراق بە گشتیی.

ئەوە مافێكی دیموکراتیی گەلی کوردستانە کە ڕیفراندۆم لەسەر ئاییندەی خۆیان ئەنجام بدەن، و ئەو کەسانەی لەگەڵیان کۆبووینەتەوە لە کۆنگرێس، کەسیان نكووڵیی لەم حەقیقەتە نەکردووە".