بەرپرسانی ئەمریكا دەستبەرداری سیاسەتی "یهكێتی عێراق" دەبن
K24 - ههولێر:
تا دێت پاڵپشتی لەسەربەخۆی كوردستان لە ئەمریكا زیاد دەكات، بەرپرسانی ئەمریكاش دەستبەرداری سیاسەتی یەكێتی عێراق دەبن و ئاماژەش بۆ ئەوە دەكەن كە پێویستە ئەو كێشەیە لە نێون ھەولێر و بەغداد چارەسەر بكرێت. باڵاترین فەرماندەی سەربازی ھێزەكانی ئەمریكا، جێنێڕاڵ جۆزێف دەنفۆرد ئەوەی دووپات كردەوە.
جۆزێف دەنفۆرد، فەرماندەی باڵای ھێزە چەكدارە ھاوبەشەكانی ئەمریكا, گوتی: "پێموایە پێویستە كێشەی ریفراندۆمی كوردستان لە نێوان سەرۆك بارزانی و سەرۆكوەزیران عەبادی و خەڵكی كوردستان و عێڕاق چارەسەر بكرێت."
گۆڕانی ھەڵوێستی ئەمریكا بە زەقی لە وەزارەتی دەرەوەش بەدیار دەكەوێت، 3 ھەفتە لەمەوبەر وتەبێژی وەزارەتیی دەرەوە ئاماژەی بەوەدا، كە پێویستە عێڕاق یەكگرتوو بێت، بەڵام لەدوایین كۆنفرانسدا ئەوە ئاماژەی پێ نەدرا.
ھێزەر نۆورت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا, دهڵێت: "ئێمە دەخوازین داعش كۆتایی پێ بێت و دواتر كە بارودۆخی عێڕاق سەقامگیری بەخۆیەوە بینی و خەڵكی گەڕانەوە شوێنەكانی خۆیان، ریفراندۆمێك چ عێڕاق ئەنجامی بدات یان كورد ئەنجامی بدات، وەك بابەتێكی ناوەخۆیی مامەڵهی لەگەڵ دەكهین و ئەوا ئەوە بابەتێكی تەواو ناوەخۆییە".