یەكەم دانیشتنی دادگا لەسەر سكاڵای توركمانەكان دژی ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك بەڕێوە دەچێت

داوا لە لایەنە سیاسییەكان دەكات لەسەر كەیسی ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك بێدەنگ نەبن

K24 - كەركووك

رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لەلایەن ژمارەیەك لە ئەندامانی بەرەی توركمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، لەسەر ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر باڵەخانە حكومیەكان لە دادگای فیدراڵی عێراق سكاڵا دژم تۆماركراوە و سبەی راوێژكاری یاساییم لە دادگا ئامادە دەبێت".

گوتیشی: "سوپاسی لیستی برایەتی و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و حزبەکوردستانییەکان و تیمی پارێزەران دەکەم بۆ پاڵپشتی کردنیان،لە کەیسی سکاڵاکەی بەرەی تورکمانی کە لەدوای بڕیاری بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان  لە دادگایی فیدراڵی سکاڵایان لە دژم تومارکرد".

راشیگەیاند: "داوا لە مەکتەبی سیاسی حزبە کوردستانییەکان و پەرلەمانتارانی عێراق دەکەم، لەسەر ئەم كەیسە بێنەدەنگ و وەڵامی ئەم سکاڵایە بدەنەوە چونکە ئەمە کەیسێکی سیاسیە".

لەسەر بڕیاری بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان، بەرەی تورکمانی لە دادگای فیدراڵی سکاڵای لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك تۆماركردووە، بڕیارە سبەی یەکەم دانیشتن لەسەر سکاڵاکەی بەرەی تورکمانی بەڕێووەبچێت.

ھەر پەیوەست بەمەوە ئەمڕۆ حزبە کوردستانییەکانی کەرکووك و لیستی برایەتی کەرکووك لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا ڕێبوار تاڵەبانی کۆبوونەوەو پشتگیری و پاڵپشتی خۆیان بۆ سەرۆکی ئەنجوومەن دەربڕی و تیمێکی پارێزەرانیش بۆ بەرگری کردن لە رێبوار پێک هێنراوە.

ھەر یەك لە سەرۆکی لیستی برایەتی کەرکووك و سەرۆکی تیمی پارێزەران جەختیان لەسەر لاوازی سکاڵاکەی بەرەی تورکمانی کردەوە و ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لەکەرکووك یاساییە و دەستوور رێگەی پێداوە، گوتیشیان چەندین بەڵگەی بەهێز ئامادەکراون و گەشبینی خۆشیان بۆ یەکلایی بوونەوەی بڕیارەکە لە بەرژەوەندی خۆیان دووپاتکردەوە.

 لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 سەبارەت بە دووبارەبوونەوەی هەمان کێشە لەکات ئەنجامدانی ریفراندۆم محەمەد کەمال سەرۆکی لیستی برایەتی کەرکووك گوتی: "دڵنیاین لە پرسی ریفراندۆمیش سەرکەوتوودەبین و هەربڕیارێک ئەنجوومەن دەری بکات بڕیاری خەڵکە و رەتناکرێتەوە".

رۆژی 28 ئاداری2017 ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە كۆی دەنگ بڕیاریدا ئاڵای كوردستانی لەسەر دامودەزگا حكوومییەكانی شارەكە ھەڵبكرێت، ئەمەش كاردانەوەی لەلایەن بەشێك لە توركمان و عەرەبەكانی كەركووك و ژمارەیەك لە بەرپرسە باڵاكانی بەغدا لێكەوەتەوە.