كونسوڵی نوێی بریتانیا : كار بۆ پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان بریتانیا و هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ كونسوڵی نوێی بریتانیا له‌ هه‌ولێر ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

كونسوڵی نوێی بریتانیا له‌ شاری هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ ئه‌رك و كاری تازه‌یدا له‌ هه‌رێمی كوردستان كار بۆ پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان بریتانیا و هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

له‌ میانی دیدارێكی نێوان مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و مارتین وار كونسوڵی نوێی بریتانیا له‌ شاری هه‌ولێر كه‌ ئه‌مرۆ یه‌كشه‌مه‌ به‌ڕێوه‌چووه‌، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان بریتانیا و هه‌رێمی كورستان گفتوگۆی له‌ باره‌وه‌ كراوه‌و كونسوڵی بریتانیا  ستایشی ڕۆڵی بارزانی لە خەباتی گەلی كوردستان بۆ گەییشتن بە ئازادی كردووه‌، هەروەها ئاماژه‌ی بە وتارەكەی سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لەبارەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی گەلی كوردستان كردووه‌.

هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و قۆناغی دوای داعش تاوتوێ كراوه‌ و ڕۆشنایی خرایە سەر بڕیاری ڕیفراندۆمی كوردستان لە 25 ئەیلوولی 2017 و باس لە مێژووی هاوبەشی گەلی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و ئەو نەهامەتییانەش كراوه‌ كە لە لایەن حكوومەتەكانی عێراق بەرانبەر گەلی كوردستان ئەنجام دراوە.