هه‌وره ره‌شه‌كه ده‌ڕه‌وێته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
3 ساڵ پێش ئێستا هه‌وره ره‌شه‌كه‌ی داعش به‌شێكی زۆری خاكی عێراق و سووریای داپۆشی، داعش هێنده به‌هێزه‌وه په‌لاماری ناوچه‌كانی عیراق و سووریای ده‌داو ده‌یویست خه‌ونی به‌رفراوانكردنی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی بكاته راستی، خه‌ریك بوو ده‌بووه دیفاكتۆیه‌ك كه نه‌خشه‌ی سیاسی و سه‌ربازی و جوگرافیای ناوچه‌كه‌ی به ته‌واوه‌تی ده‌گۆڕی.
هێشتا مانگێك به‌سه‌ر داگیركردنی سه‌نته‌ری شاری مووسڵ و ناوچه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا و سه‌ڵاحه‌دین تێنه‌په‌ڕی بوو كه، پیاوێكی سه‌ر‌تاپا ره‌ش "ئه‌بو به‌كر به‌غدادی" له مینبه‌ری مزگه‌وتی گه‌وره‌ی نووریی شاری مووسڵه‌وه ده‌ركه‌وت كه ته‌نها 6 رۆژ بوو وه‌ك "خه‌لیفه" ناسێنرابوو.
له یه‌كه‌م وتاریدا باسی "ئه‌و ده‌وڵه‌ته ئیسلامییه"ـی ده‌كرد كه چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه‌ی به درووشمی "دولة الاسلامیة باقية وتتمدد" خه‌ریكی هێرش و په‌لامار بوون و به‌ره‌و سامه‌ڕا و ناوه‌ڕاستی عێراق پێشڕه‌وییان ده‌كرد و ئه‌وه‌ی ده‌هاته به‌رده‌میان ده‌یانكوشت و سه‌ریان ده‌بڕی.
ئه‌بو به‌كر به‌غدادی ئه‌و توندڕه‌وه ئیسلامییه‌ی جاڕی سه‌رده‌مێكی ره‌شی له ناوچه‌كه‌دا دابوو، بۆ هێزه گه‌وره‌كانی جیهانیش دۆخێكی تازه بوو، كه پاشتر به هاوپه‌یمانێتییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌رنگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شه جدییه هاتنه مه‌یدانه‌كانی جه‌نگه‌وه، چونكه زۆری نه‌مابوو به‌غدا و ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش بكه‌ونه به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌و داگیركارییه وه‌حشییانه‌ی چه‌كدارانی داعشه‌وه.
ئه‌بو به‌كر به‌غدادی یه‌كه‌م و دوایین ده‌ركه‌وتنی هه‌ر ئه‌و وتار و پێشنوێژییه بوو كه له مزگه‌وتی نووری كردی، ئیدی جارێكی دیكه ده‌رنه‌كه‌وته‌وه، هه‌ر چه‌نده چه‌ند جارێكی دیكه په‌یامی ده‌نگیی ئه‌و له لایه‌ن میدیاكانی داعش بڵاوكرانه‌وه. ده‌ركه‌وتنی به‌غدادی له ته‌مووزی 2014 دا جدییه‌تی ئه‌و رێكخراوه توندڕه‌وه‌ی بۆ جیهان ده‌رخست كه ئه‌وه‌ی روویداوه، هێرشێكی هه‌ڕه‌مه‌كی نییه و له راستیدا "ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامییه" كه هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌كانی ناوچه‌كه ئامانجی شیر و تیره‌كانی ئه‌وانن.
له‌و به‌رواره به‌دواوه‌و پاش مانگێك له ده‌ركه‌وتنی به‌غدادی داعش په‌لاماری شنگال و ناوچه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستانیشیدا، ماوه‌ی سێ ساڵه كورد به‌شێكی سه‌ره‌كی ئه‌و جه‌نگه‌یه كه بۆ به‌رگرتن له داعش قوربانییه‌كی زۆری به‌خشیووه، پێشمه‌رگه یه‌كه‌مین هێز بوو له‌سه‌ر زه‌وی به پاڵپشتی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا، رێگه‌ی له پێشڕه‌وییه‌كانی چه‌كدارانی داعش گرت و له هێرشی پیچه‌وانه‌دا ناوچه داگیركراوه‌كانی كوردستانی رزگاركرده‌وه. چونكه داعش ده‌یویست هه‌رێمی كوردستان و هه‌موو ناوچه‌كه داگیر بكات و له كاره‌ساته‌كه‌ی شنگالیشدا دڕه‌نده‌یی ئه‌و رێكخراوه به‌رامبه‌ر كورد زیاتر ده‌ركه‌وت.
له ماوه‌ی 3 ساڵی رابردوودا ده‌یان هه‌واڵی جۆراوجۆر و زانیاریی جیاواز له‌سه‌ر كوژران و برینداربوون و شوێنی خۆحه‌شاردانی ئه‌بو به‌كر به‌غدادی بڵاوكراوه‌ته‌وه، دوایین زانیاری‌یان ئه‌و بۆردوومانه‌ی رووسیا بووه له شاری ره‌ققه و گوایه له‌و بۆردوومانه‌دا كوژراوه.
به‌ڵام هه‌تا ئه‌م ساته هیچ لایه‌نێك به ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاشه‌وه دڵنیانیین له‌وه‌ی كه به‌غدادی كوژراوه یان ماوه.
ئه‌گه‌ر به‌غدادی تا ئێستاش له ژیاندا مابێت، به‌ڵام ره‌وشی ناوچه داگیركراوه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی وه‌ك خۆیان نه‌ماونه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت داعش ئه‌و مینبه‌ره‌یشی له ده‌ستداوه كه ساڵی 2014 ئه‌م كاتانه به‌غدادی وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی نوێی ناوچه‌كه تێیدا ده‌ركه‌وت و ئێستا ئه‌و شوێنه پاش خاپووركردنی له لایه‌ن چه‌كداره‌كانیانه‌وه، كه‌وتووه‌ته‌وه ده‌ست هێزه‌كانی عێراق و زۆرینه‌ی ده‌شتی نه‌ینه‌وا و سه‌نته‌ری شاری مووسڵیش، له پێگه سه‌ربازی و ئابوورییه گرنگه‌كه‌ی داعشه‌وه بووه‌ته وێرانه‌یه‌ك و چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی شاره كۆنه‌كه‌ی لێ ده‌رچێت له ده‌ست داعش ده‌رهێنراون و چه‌كدارانی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی به‌غدادی له دوا هه‌ناسه‌كانیاندان.
دوای سێ ساڵ له‌و ده‌ركه‌وتنه كه به‌شێك له چاودێران وه‌ك نمایشێك ده‌یبینن و به‌غدادی وه‌ك ئه‌كته‌رێك ته‌ماشا ده‌كه‌ن كه رۆڵه‌كه‌ی هه‌ر هێنده بووه‌و ئیدی پێچراوه‌ته‌وه، رۆژ له دوای رۆژیش هه‌وره ره‌شه‌كه‌ی داعش له‌سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و سووریا ره‌وینه‌ته‌وه‌و پێناچێت ماوه‌یه‌كی زۆریان له عێراقدا مابێت و ئه‌گه‌ر بشمێنن له‌وانه‌یه بگۆڕین بۆ شانه و ده‌سته و گرووپی بچووك و لێره و له‌وێ چالاكییان بمێنێ. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ناویان نابوو "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" و "ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت" له دوا ساته‌كانی پێچانه‌وه‌ی دایه و هه‌وره ره‌شه‌كه خه‌ریكه به یه‌كجاری ده‌ڕه‌وێته‌وه.