فڕۆكه خێراكه گه‌نجه سه‌ركێشه‌كه ده‌ترسێنێ
K24 - هه‌ولێر:
سوپای كۆریای باشوور رایگه‌یاند" ئه‌مڕۆ 8/7/2017 دوو فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ری ئه‌مریكی كه خێراییان له خێرایی ده‌نگ زیاتره، به ته‌قاندنی بۆمبی راسته‌قینه مانۆڕی سه‌ربازییان له كۆریای باشوور ئه‌نجامداوه، ئه‌وه‌ش پاش چه‌ند رۆژێكی كه‌مه له هه‌ڵدانی مووشه‌كه بالیستییه‌كه‌ی كۆریای باكوور كه پیۆنگ یانگ به سه‌ركه‌وتوو و بێ پێشینه ناوی بردووه".
هێزی ئاسمانی سه‌ر به سوپای كۆریای باشوور ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه كه " ئه‌و دوو فڕۆكه شه‌ڕكه‌ره له ده‌نگ خێراتره له جۆری ( B-1Bلانسه‌ر) بوون و له بنكه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له چوام هه‌ستاون و پاشان فڕۆكه ئه‌مریكی و كۆرییه‌كانی دیكه‌ش یاوه‌رییان كردووه‌و ئامانجه‌كه‌یشی بۆردوومانی سه‌كۆی مووشه‌كی بالیستی بووه له ژێر زه‌ویدا".
ئه‌و مانۆڕه‌ش له میانی مه‌شقێكی تۆپ و مووشه‌كیی هاوبه‌شی نێوان سوپای ئه‌مریكا و سوپای كۆریای باشوور بووه كه پاش رۆژێك له تاقیكردنه‌وه مووشه‌كییه‌كه‌ی كۆریای باكوور ده‌ستیپیكردووه‌و به‌رده‌وامه.