رۆیته‌رز: مۆدێلی حوكمڕانی ئیتیحادی له عێراق شكستی هێناوه

K24 - هه‌ولێر:
ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، له راپۆرتێكدا ئاماژه به‌وه ده‌كات، ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ، دوای نۆ مانگ شه‌ڕی سه‌خت، خه‌ریكه ده‌گاته كۆتایی و شاره‌كه به ته‌واوه‌تی كۆنتڕۆڵ ده‌كرێته‌وه، به‌ڵام مووسڵ به وێرانی ده‌گه‌ڕێته‌وه ده‌ست عێراقیییه‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هێشتا ململانێكان له باره‌ی داهاتووی عێراق، كۆتاییان نه‌هاتووه و هیچ پلانێكیش بۆ به‌ڕێوه‌بردنی مووسڵ نییه له دوای داعش.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، مۆدێلی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی "ئیتیحادی"، كه ده‌سه‌ڵات له عێراق به‌سه‌ر پێكهاته‌كانی شیعه، سوونه و كورد دابه‌شكران وله‌لایه‌نی به‌ریتانیا و ئه‌مه‌ریكاوه سه‌رپه‌رشتی كرا، شكستی هێناوه و عێراق به شه‌پۆلێكی ململانێی توندی تایه‌فیدا ره‌تبوو، هه‌وڵه‌كانی كوردیش بۆ سه‌ربه‌خۆیی، وایكردووه یه‌كچارچه‌یی عێراق ببێته خه‌ون.
هیچ پلانێك نییه بۆ دوای جه‌نگ
یه‌كێك له ئاسته‌نگه‌كانی دوای جه‌نگ، داهاتووی مووسڵه، كه سێ ساڵی به‌ده‌ست فه‌رمانڕه‌وایی داعش ناڵاندوویه‌تی، له كاتی ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌ش، مووسڵ به ته‌واوه‌تی وێران بووه و هه‌زاران كه‌س كوژران و نزیكه‌ی ملیۆنێك دانیشتووی شاره‌كه، ئاواره‌بوونه.
به‌رپرسانی رۆژئاوا و كورد و عێراقییه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌وان سه‌رییان له‌وه سوڕماوه، ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق هیچ پلانێكیان بۆ فه‌رمانڕه‌واییكردن و ئه‌منییه‌تی شاره‌كه نییه له دوای داعش، هه‌رچه‌نده پێشتر چه‌ند جارێك مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، دووپاتی له‌وه كردووه‌ته‌وه، پێویسته رێككه‌وتنی سیاسی بۆ مووسڵی دوای داعش هه‌بێت.
هه‌روه‌ها ده‌گوترێت هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی به‌غدا و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، لێژنه‌یه‌كی باڵای هاوبه‌شیان پێكهێناوه، بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاربن له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی مووسڵ، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و لێژنه‌یه كۆنه‌بووه‌ته‌وه.
ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز له راپۆرته‌كه‌یدا بڵاویكردووه‌ته‌وه، هۆشیار زێباری، كه له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی پێگه‌یه‌كی دیاری هه‌یه و پێشتر له هه‌ردوو پۆستی وه‌زیری دارایی و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق بووه، ده‌ڵێت: "حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، پرسه‌كه پشتگوێ ده‌خات و هه‌ر جارێك باسی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ین، ده‌ڵێت با چاوه‌ڕێ بكه‌ین تاكو پرۆسه سه‌ربازییه‌كان كۆتاییان دێت".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "مووسڵ به ته‌واوه‌تی وێران بووه، سه‌رنج بده‌نه به‌شداریكردنی حكوومه‌تی به‌غدا، وه‌ك ئه‌وه وایه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌و شاره‌وه نه‌بێت".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندووه، ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی له رۆژی 25ی ئهیلوول/ سێپتێمبه‌ری ئه‌مساڵ ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته پرسێكی دیكه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رپرسانی باڵای هه‌رێم دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، به رێگه‌ی ئاشته‌وایی و گفتوگۆ ئه‌و پرۆسه‌یه به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
به گوێره‌ی رۆیته‌رز، یه‌كێكی دیكه له كێشه‌كانی داهاتووی ناوچه‌كه، جموجۆڵه‌كانی میلیشیا شیعه‌كانه كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پاڵپشتییان ده‌كرێت و له ژێر ناوی حه‌شدی شه‌عبی كۆبوونه‌وه‌ته‌وه، به‌ناو حكوومه‌تی عێراق سه‌رپه‌رشتییان ده‌كات، به‌ڵام به ویستی ئێران له ناوچه كوردییه‌كان نزیك بوونه‌ته‌وه و به‌ره‌و سنووره‌كانی سووریا درێژده‌بنه‌وه، ئه‌مه‌ش بۆ دامه‌زراندنی رێڕه‌وێكی زه‌مینییه له تارانه‌وه به‌ره‌و به‌یرووت.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، هه‌فته‌ی رابردوو، عه‌لی ئه‌كبه‌ر ویلایه‌تی، گه‌وره راویژكاری ئایه‌توڵڵا عه‌لی خامه‌نه‌یی، رێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران گوتی: "ئه‌مڕۆ رێگه‌ی به‌رگری خێرا ده‌ستپێده‌كات، له تارانه‌وه ده‌گاته مووسڵ و له‌وێشه‌وه به‌ره‌و دیمه‌شق و به‌یرووت".
جیهادییه‌كان
هه‌موو ئه‌و ململانێیانه له‌نێوان دوو هێزی هه‌رێمی ناوچه‌كه‌ن، كه ئێران و توركیایه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌ژموونی ئه‌مه‌ریكا كشاوه‌ته‌وه دواوه و ئێرانیش له هه‌وڵی چڕدایه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ژموونی خۆی زیاتر له عێراق بسه‌پێنێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا، به سه‌رۆكایه‌تی دۆناڵد تره‌مپ، ته‌نها له چوارچێوه‌ی پرۆسه سه‌ربازییه‌كان، بۆ له‌ناوبردن و تێكشكاندنی داعش له عێراق و سووریا و ناوچه‌كه ده‌ڕوانێت، به‌ڵام چه‌كداره توندڕه‌وه‌كانی ناوچه‌كه، كه له ریزی داعشدان، به ئاسانی ده‌توانن خۆیان بخزێننهوه ریزی دانیشتووان، ئه‌مه‌ش رێگه‌خۆشكه‌ره بۆ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی دیكه‌ی توندڕه‌وان.
سه‌ركرده‌كانی كورد و سووننه له مووسڵ و ده‌وروبه‌ری، به گومانه‌وه له داهاتووی مووسڵ ده‌ڕوانن و نیگه‌رانن له‌وه‌ی عه‌بادی به‌رده‌وام گفتوگۆی داهاتووی مووسڵ دواده‌خات و گومانییان له‌وه هه‌یه ئێران له رووی مه‌یدانییه‌وه، كاره‌كان هه‌ڵده‌سووڕێنێت، نه‌ك عه‌بادی.
ئه‌سیل نوجێفی، پارێزگاری پێشووی نه‌ینه‌وا رایگه‌یاندووه، ساڵی 2014، كاتێك داعش مووسڵی داگیركرد، گه‌ڕاینه‌وه شوێنێك كه نه‌یانده‌ویست ئه‌و ناوچانه ئازاد بكرێنه‌وه.
نوجێفێ ده‌شڵێت: "تا ئێستا هیچ پلانێك بۆ مووسڵی دوا داعش نییه و به‌غداش هیچ بوارێكی نه‌داوه بۆ گفتوگۆكردن له باره‌ی داهاتووی مووسڵ".
نوجێفی باس له‌وه ده‌كات، شیعه‌كان له ناوخۆدا بوونه‌ته دوو باڵ، باڵێكیان سه‌ركرده توندڕه‌وه‌كانن و ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌ركه‌وتن له شه‌ڕی مووسڵ مامه‌ڵه بكه‌ن و ده‌یانه‌وێت مه‌رجه‌كانی خۆیان به‌سه‌ر مووسڵ و ناوچه ئازادكراوه‌كاندا بسه‌پێنن، ئه وباڵهش ئێران پاڵپشتییان ده‌كات.
به گوێره‌ی نوجێفی، باڵه‌كه‌ی دیكه‌ش، میانڕه‌وترن و له‌وه تێگه‌یشتوون ئه‌و كاره ئه‌سته‌مه و ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی توندڕه‌وی له عیراق و وه‌ك ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، عه‌بادی له باڵی میانڕه‌وه‌كانه.
ئه‌سیل نوجێفی، ئێستا سه‌ركردایه‌تی هێزێكی چه‌كدار ده‌كات، كه له‌لایه‌ن توركیاوه مه‌شقییان پێكراوه، وازی له پۆستی پارێزگاری هێناوه، به‌ڵام ده‌ستبه‌رداری سیاسه‌ت نه‌بووه و ده‌ڵێت: "سه‌ركرده سووننه‌كان به‌ده‌ست لاوازییه‌وه ده‌ناڵێنن، ته‌واوی سه‌ركرده به‌هێزه‌كانی سووننه په‌راوێزخراون و له گۆڕه‌پانی سیاسی دوورخراونه‌ته‌وه یان له‌لایه‌ن دادگاوه داواكراون".
سووننه به‌ره‌و كوێ؟
سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان، گفتوگۆی له باره‌ی پرسێكی دیكه هێناوه‌ته ئاراوه، ئایا سووننه‌كان ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی سووننه داده‌مه‌زرێنن یان نا، كه ئه‌مه له رووی كردارییه‌وه گونجاو نییه، به‌و پێیه‌ی تا ئێستا داعش هه‌ڕه‌شه‌یه به‌سه‌ر كیانه تازه درووستبووهكان و ناوچه سووننه نشینه‌كانی عێراقیش، به ده‌ست هه‌ژارییه‌وه ده‌ناڵێنێت و سووننه‌كان له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی جیاجیای عیراق نیشته‌جێن.
به گوێره‌ی سه‌ركرده‌كانی كورد و سووننه، یه‌كێك له چاره‌سه‌ره‌كان ئه‌وه‌یه، مووسڵ بكرێته ناوچه‌یه‌كی حوكمی زاتی وه‌ك هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ یه‌كه‌ی خۆڕێبه‌ری دیكه‌ی بچووك، به شێوه‌یه‌ك پێكهاته جیاوازه‌كانی ناوچه‌كه بتوانن فه‌رمانڕه‌وایی ناوچه‌كانییان بكه‌ن، كه ده‌ستووریش رێگه‌ی پێداوه.
هۆشیار زێباری ده‌ڵێت: "پێشتر سووننه‌كان هه‌ستیارییه‌كی زۆرییان هه‌بوو له‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بگوازرێته‌وه یه‌كه خۆڕێبهرییه بچووكه‌كان و پێیان وابوو ئه‌و كاره ده‌بێته هۆی جیابوونه‌وه و دابه‌شبوونی عێراق، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه‌یان قه‌بووڵه".
سووننه‌كان به ته‌نها نین كه ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی به‌غدا ره‌تده‌كه‌نه‌وه، كه له‌ژێر هه‌ژموونی شیعه و ئێراندایه، هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌و هه‌ژموونه ره‌تده‌كاته‌وه، هاوكات كورد هه‌وڵ بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی له رووی سیاسی، له حوكمی زاتییه‌وه ببێته ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا بارزانی به ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رزی راگه‌یاند، نه‌رمییه‌ك له كاتی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی له دوای ریفراندۆمدا هه‌یه، به‌ڵام ماوه‌یه‌كی بێ‌سنوور نییه و دیاریكراو ده‌بێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، گومانی زۆر له‌وه هه‌یه، مه‌به‌ستی راسته‌قینه‌ی ریفراندۆم بۆ جیابوونه‌وه‌ی خێرا بێت له عێراق، به‌ڵكو كورد هه‌وڵی زیاتر بۆ گه‌ڕاندنه‌وه و وه‌رگرتنه‌وه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ده‌دات، كه به نه‌وت ده‌وڵه‌مه‌نده، به تایبه‌تیش شاری كه‌ركووك، كه ماوه‌ی 10 ساڵه باس له چاره‌نووسی ده‌كرێت.
هیوا و متمانه نه‌ماوه
هۆشیار زێباری، كه به‌رپرسێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستانه و ماوه‌ی 10 ساڵ له به‌غدا بوو، ده‌ڵێت: "ئێستا كاتی سه‌ربه‌خۆییه".
زێباری بۆ رۆیته‌رز ده‌ڵێت: "هیوا و متمانه‌مان له ده‌ستداوه له‌و عێراقه نوێیه‌ی كه ئێمه بنیاتمان نا، حكوومه‌ت ئێمه‌ی بێهیوا كرد له هه‌موو ئه‌و به‌ند و مادده ده‌ستوورییانه بۆ بنیاتنانی وڵاتێكی نوێ، تێیدا هاووڵاتیان یه‌كسان بن، جیاوازی له نێوان كه‌سدا نه‌كرێت و هاوبه‌ش بن، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و خه‌ونانه ره‌وینه‌وه".
زێباری ده‌شڵێت: "كێشه‌كه ئه‌وه‌یه به‌رپرسه باڵاكانی ئێران، هیچ گومانێكیان نه‌هێشتووینه‌ته‌وه كه كاری له پێشینه‌ی ئه‌وان دامه‌زراندنی رێڕه‌وێكه بۆ هێزه شیعییه‌كان له رێگه‌ی باكووری عێراقه‌وه، كه خۆیان سه‌رپه‌رشتی بكه‌ن".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئه‌وان به درێژایی هێڵی سه‌نگه‌ری كورد له شنگاله‌وه تاكو خانه‌قین بوونیان هه‌یه، به‌ڵام ئێمه له‌سه‌ر دۆخه‌كه ئاراممان گرتووه و هه‌ماهه‌نگیمان كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ گرژی و ناكۆكییه‌ك روونه‌دات".