ئه‌مریكا سوپاسی بارزانی ده‌كات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و نوێنه‌ری نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ هاوپه‌یمانیتی نیوده‌وڵه‌تی شه‌ڕ دژی داعش كۆبوونه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

برێت مه‌كگۆرگ نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانێتیی نێوده‌وڵه‌تی شەڕی دژی داعش، سوپاسی تایبه‌تی ئه‌مریكا ئاراستەی سەرۆك بارزانی ده‌كات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كوردستان ئاسانكارییەكی زۆری بۆ تێپەڕبوونی هاوكاریی مرۆیی بۆ خەڵكی لێقەوماوی سووریا ئەنجام داوە.

ئه‌مڕۆ 8/7/2017 له‌ میانی دیداریكی نێوان مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و برێت مەكگورك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانێتیی شەڕی داعش و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە دۆگڵاس سڵیمان باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و هێنری هاگارد كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا بە وەكالەت لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق. بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە موسڵ و قۆناغی دوای داعش و تەحەددیاتەكان خراونه‌ته‌ بەر باس و گفتوگۆ.

نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان و سوپای عێراقی لە تێكشكاندنی تیرۆریستان و ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ بەرز نرخاند و جەختیش لەوە كرایەوە كە بوونی هەماهەنگیی كەموێنە لە نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی هاوپەیمانان سەركەوتنی مەزنی لێ كەوتووەتەوە.

هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی سووریا و هەوڵەكانی ئەمەریكا و هێزەكانی تر بۆ ئازادكردنی ڕەققە تاوتوێ كراوه‌.

لە بەشێكی دیكەی ئەو دیدارەدا، هەردوولا بیروڕای خۆیان لەبارەی ڕیفراندۆم و هەنگاوەكانی گەلی كوردستان بۆ سەربەخۆیی ئاڵوگۆڕ كردووه‌ و جەختیشیان لەوە كردەوە كە پەیوەست بەم بابەتە هەردوولا لە پەیوەندی و ڕاوێژی بەردەوامدا بن.