زیاتر له‌ 260 هه‌زار چەكدار هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنه‌كەی ئێران‌ ده‌پارێزن

55 ملیۆن كەس لە ئێران لە ھەڵبژاردنەكانی رۆژی ھەینی داھاتوو مافی دەنگدانیان ھەیە و رێوشوێنی توندی ئەمنی لە سنوورەكان بۆ ناوخۆ دەگرێتەبەر

K24 - ھەولێر

وه‌زاره‌تی ناوخۆیی ئێران راده‌گه‌یه‌نێت زیاتر له‌ 260 هه‌زار كه‌س له‌ هێزه‌كانی ئه‌منی و سه‌ربازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری و ئه‌نجومه‌نه‌كانی شار و گوند ده‌پارێزن، كه‌ بڕیاره‌ رۆژی هه‌ینی داهاتوو 19 ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌ بچێت.

حوسێن زولفەقاری جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ كاروباری ئەمنی رایگەیاند "لە كاتی پێویست، سوپای پاسداران ھێزی پشتیوان بۆ پاراستنی ھەڵبژاردن دابین دەكات".

گووتیشی "تەواوی دامەزراوە سەربازی، ئەمنی، ھەواڵگرییەكان و رادیۆ و تەلەڤزیۆنی فەرمی لە بەشی ئاسایشی ھەڵبژاردندان".

55 ملیۆن كەس لە ئێران لە ھەڵبژاردنەكانی رۆژی ھەینی داھاتوو مافی دەنگدانیان ھەیە و 63500 سندووقی دەنگدان بۆ ئەم مەبەستە دادەنرێن.

ژمارەی ھێزە ئەمنییەكان بۆ پاراسنتی دوایین ھەڵبژاردنی ئێران كەمتره‌ لە ھەڵبژاردنی چوار ساڵ بەر لە ئێستا، كە ئەوكات 300 ھەزار كەس لە سەر شەقامەكانی ئێران بڵاوەیان پێكرابوو.

لە ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی فەڕەنسا لە رۆژی یەكشەممەی رابردوو 50 ھەزار كەس لە پۆلیس و ھێزە ئەمنییەكان بۆ پاراستنی ھەڵبژاردن راسپێردرابوون، كە 47 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان ھەبوو.

بەرپرسە ئەمنییەكەی ئێران ئاماژەی بەوەدا "تا ئێستا ھیچ كێشەیەكی ئەمنی رووینەداوە و بە نزیكبوونەوەی واده‌ی ھەڵبژاردن، رێوشوێنی توندی ئەمنی لە سنوورەكان بۆ ناوخۆ دەگرینەبەر".

شەش كەس لەوانە حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران پالێوراون بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری، كە سێیانیان سەر بە پارێزگارانن و سێ دیكەشی ریفۆرمیستن.

ئیبراھیم رەئیسی پاڵێوراوی سەرەكی پارێزگاران، پێدەچێت لە خولی یەكەم دەنگی پێویست بھێنێتەوە، بۆ ئەوەی لە خولی دووەم بەرەنگاری رۆحانی ببێتەوە.

دانزدەیەمین خولی ھەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ئێران ھاوكات لەگەڵ پێنجەمین خولی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنەكانی شار و گوند  لە رۆژی ھەینی داھاتوو 19 ئایاری 2017 بەڕێوەدەچێت.

بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنەكانی شار و گوند مافی پاڵێوراوبوونی نزیكەی 15 ھەزار كەس لە كۆی 290 ھەزار پاڵێوراو لە لایەن دەستەی چاودێری ھەڵبژاردنی ئەنجومەنەكانی شار و گوند رەتكرایەوە.

پێشتریش ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور تەنھا مافی پاڵێوراوبوونی شەش كەس بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری پەسندكرد.