خامەنەیی بەرەنگاری تویتەر دەبێتەوە

ھەر پاش داخستنی ئەژمارەكەی لە تویتەر، ئەژمارێكی نوێ كردەوە

K24 - ھەولێر

پاش ئەوەی تویتەر، ئەژماری تایبەتی عەلی خامەنەیی رێبەری ئێران بە زمانی عەرەبی داخست، ئەژمارێكی دیكەی كردەوە.

پەیجی خامەنەیی لە فەیسبووك و تویتەر بڵاویكردەوە "تویتەر لە ھەنگاوێكی دوژمنكارانەدا ئەژماری ئێمام خامەنەیی بە زمانی عەرەبی داخست، كە تایبەت بوو بە بڵاوكردنەوەی ھەواڵەكانی تایبەت بە ئەو".

 لە بەشێكی دیكەی كۆمێنتەكەی بە تۆمەتباركردنی تویتەر دەڵێت "توڕەكانی سەر بە گرووپە تەكفیری و تیرۆریستییەكان و ئەندامانیان بە شێوەیەكی بەرفراوان و بێ سنوور لە توڕە كۆمەڵایەتییە چالاكن".

خامنەیی لە فەیسبووك و تویتەر، ئەدرێسی پەیجی نوێی خۆی بە زمانی عەرەبی بڵاوكردووەتەوە.

بوونی ئەژماری تایبەتی بەرپرسانی ئێران لە سۆشیال میدیا لە كاتێك دایە كە فەیسبووك و تویتەر لە ئێران قەدەغن و ھاووڵاتییانی ئێرانی بێبەشكراون لە بەكارھێنانی ئەو ماڵپەرە كۆمەڵایەتییانە.

لە مانگی ئاداری رابردوو، گرتەیەكی مەحموود ئەحمەدی نەژاد سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران لە تویتەر بڵاوبووەوە، كە بە زمانی ئینگلیزی داوا لە خەڵك دەكات پەیجی تویتەرەكەی فالۆو بكەن، لە كاتێكدا تویتەر لە ئێران قەدەغەیە.

ئەوەی لە، گرتە ڤیدیۆیەدا جێگەی سەرنجە، شێوازی ئینگلیزی قسەكردنی ئەحمەدی نەژادە، كە بە زمانی عەرەبی بە "بسم اللە الرحمان الرحیم" دەستپێدەكات و دوای بە ئێنگلیزی خۆی دەناسێنێت و داوای فاڵۆو كردنی لە تویتەر دەكات، كە لە ئێران قەدەغەیە و بە ئاسایی ناكرێتەوە.

ڤیدیۆكە، ئەوكات لە فەیسبوكی بی بی سی بەشی فارسی بڵاوكرایەوە و كۆمێنتی خەڵك لەسەر شێوازی قسەكردنی ئەحمەدی نەژاد ئەوەندی دیكە، ئەم گرتە ڤیدیۆیە گاڵتەئامێزتر كردووە.

یەكێك نووسیبووی "پێم وایە 6 مانگ پێچووە تا ئەم نەخوێندەوارە ئەو رستەیە لە بەركردووە" و جنێوێكیش پێدەدات.

یەكیكی دیكە دەپرسێت "تویتەر كە لە سالی 2010 (كاتی خۆپیشاندانی لایەنگرانی بزووتنەوەی سەوز) ئامرازی فیتنە و سیخوریی ئەمریكا بوو، ئێستا بووەتە چارەسەر؟"