ئێران یەكەم تانكی پێشكەوتووی بەرھەمی ناوخۆیی نمایش دەكات

وەزیری بەرگری ئێران تانكەكەی بە ھاوشانی تانكی تی 90 روسیا دەزانێت

K24 - ھەولێر

تانكی "كرار" وەك یەكەم تانكی پێشكەوتووی بەرھەمی ناوخۆیی ئێران نمایشكرا.

ئاژانسی فارس نیوزی ئێران بڵاوی كردەوە وەزیری بەرگری و پشتیوانی ھێزە چەكدارەكان حوسێن دێھقان لە 358مین رۆژی ساڵی ئابووریی خۆڕاگری، پەردەی لەسەر تانكی "كرار" وەك یەكەم تانكی پێشكەوتووی بەرھەمی ناوخۆیی لادا.

دێھقان لە رێورەسمی نمایشكردنی تانكی "كرار" گوتی "ئەم تانكە تایبەتمەندییەكی زۆری ھەیە و لە ریزی پێشكەوتووترین تانكەكانی جیھان ئەژمار دەكرێت و دەتوانێ پێداویستییەكانی ھێزە چەكدارەكان لەمبارەوە بە باشی دابین بكات".

گوتیشی "دارشتن و بەرھەمھێنانی ئەم تانكە سێ ساڵی خایاندووە و لە سێ بواری سەرەكی ھێز، وردی تەقەكردن، جموجوڵ؛ پاراستن و مانەوە لە گۆڕەپانی جەنگ؛ توانایی ركابەرایەتی لەگەڵ پێشكەوتووترین تانكەكانی جیھان ھەیە".

ھەر لەبارەی تایبەتمەندییەكانی ئەم تانكە كە 100% بەرھەمی ناوخۆییە، وەزیری بەرگری ئێران ئاماژەی بە بوونی "سیستەمی كۆنترۆڵی تەقەی ئەلكترۆ-ئۆپتیك، سیستەمی دیاریكردنی مەودا بە لێزەر، كۆمپیوتەری بالستی و توانایی تەقەكردن بە ئامانجەكانی نەگۆڕ و جوڵاو لە شەو و رۆژدا" كرد و گوتی "تانكی كەرار توانایی ھاوێشتنی موشەك و رێنمایی لێزری زۆر ورد و ھاوێشتنی تۆپ لە لایەن تۆپچی و فەرماندە لە دوو لای ھاوتەریب ھەیە".

لە درێژەی خستنەڕووی تایبەتمەندییەكانی ئەم تانكە، حوسێن دێھقان گوتی "خاوەن سیستەمی تەقەكردنی ئۆتۆماتیكە لە دۆخە جیاوازەكاندا و بۆ جموجوڵیش توانایی تێپەڕبوون لە چاڵ و رووبار و ژێر ئاو ھەیە و لە بەرامبەر چەكەكانی دژە زرێپۆش پارێزراوە و توانایی شەڕی ئەلكترۆنیشی ھەیە".

لە بەراوردكردنی ئەم تانكە لەگەڵ تانكە پێشكەوتووەكانی جیھان، وەزیری بەرگری ئێران ئاماژەی بەوەدا "ئەگەر تایبەتمەندییەكانی باشتر نەبێت لە تانكی تی 90 روسیا، كەمتر نییە".

JS

تانكی روسی لە جوری تی90
تانكی روسی لە جوری تی90