ئه‌مه‌ریكا ورده‌كاری گه‌مارۆ نوێكانی سه‌ر ئێرانی بڵاوكرده‌وه‌

ئه‌وه‌ی ئێران به‌ ده‌ستكه‌وتی ده‌زانێت تره‌مپ هه‌ڵیده‌وه‌شێنێته‌وه‌
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

ئەمریكا ناوەڕۆكی بڕیاری گەمارۆ نوێكانی سەر ئێرانی  بە ناوی، مووشەكە بالستیكییەكانی ئێران و یاسای جێبەجێكردنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان، بڵاوكردەوە, كە تیایدا سەرجەم چالاكی و بەرنامە موشەكییەكانی ئێران دەخاتە لیستی گەمارۆ نێودەوڵەتییەكانەوە، لە بەرامبەریشدا ئێران ھەڕەشەی گەمارۆ خستنەسەر ھێزی سەربازی و سوپای ئەمریكا دەكات.

مووشەكە بالستیكییەكانی ئێران و یاسای جێبەجێكردنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان، ئەوە ناونیشانی یاسای گەمارۆ نوێكانی سەر ئێرانە كە لە لایەن لیژنەی كاروباری دەرەوەی سێناتی ئەمریكا بڵاوكراوەتەوە.

ئەو پرۆژەیاسایە، ھەوڵەكانی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ كەرەستە و تەكنۆلۆژیای پەیوەست بە مووشەكە بالیستیكییەكان دەگرێتەوە و لە 9 خاڵدا پێشێلكارییەكانی ئێران و ھەوڵەكانی لە بواری چالاكییە ئەتۆمییەكانیدا دەخاتەڕوو.

لە بەشی یەكەمدا ئێران بە درووستكردنی مووشەكی باليستیك و پێشێلكردنی بڕیارنامە نێودەوڵەتییەكان و ھەڕەشە لە ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانی تۆمەتبار دەكات, داواش لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات, بڕیاری جددی لە بەرامبەر كڕین و فرۆشتنی چەكی سەربازیی لەلایەن ئێرانەوە دەربكات.  

لە بەشێكی دیكەشدا ئاماژە بە سیاسەتەكانی ئەمریكا بۆ رێگرتن لە درێژەدان بە دروستكردن و تاقیكردنەوەی مووشەكی ھەڵگری كڵاوەی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە دەكات و داوا لە دەسەڵاتی بەڕێوه‌بەری كۆنگرێسی ئەمریكا دەكات، لێكۆڵینەوە لە كەیسی ئەو كەسایەتی و كۆمپانیا ئێرانی و خارجییانە بكەن كە ھاوكاریی بەرنامە مووشەكییەكانی ئێران دەكەن.

راپۆرتی چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێرانیش، بەشێكی ديكه‌ی ئەو یاسایەیە كە تایبەتە بە خستنەڕووی راپۆرتی ورد لە بارەی چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران لە چوار چێوەی بڕیارنامەی 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی. لەكۆتاییشدا دەسەڵاتی دەركردنی یاسا و بڕیاری تایبەت بە گەمارۆكان دەداتە كۆنگرێسی ئەمریكا.

بە دەركردنی ئەم یاسایە، ئەوە دووەم یاسای گەمارۆكانی سەر ئێرانە لە ماوەی دەستبەكاربوونی دۆناڵد تره‌مپ وەك سەرۆكی ئەمریكا كە ھەر لە بانگەشەی ھەڵبژاردنەكانییەوە تا كاتی سەركەوتنی بەسەر فەرشی سووری كۆشكی سپیدا، بەردەوام ھەڕەشەی ھەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێرانی كردووە و لە ئێستاشدا پێكھاتەی كابینەكەی و ئەندامانی سێنات و كۆنگرێسی وڵاتەكەشی, ئەگەرەكان بۆ ئاڵۆزی زیاتر لە نێوان ئەو دوو وڵاتە زیاتر دەكەن.