ئەمریكا: بێ زاڵبوون بەسەر ئێران شەڕی تیرۆر سەركەوتوو نابێت

لیكۆڵینەوە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی وڵاتانی پشتیوانی تیرۆر دەكات، بە تایبەتی كۆماری ئیسلامی ئێران

K24 - ھەولێر

باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند ئێران پشتگیریی رێكخراوە تیرۆریستییەكان دەكات و سەركەوتن بەسەر تیرۆر مەحاڵە، ئەگەر وڵاتانی پشتیوانی ھەبن.

نیكی ھێلی لەمبارەوە گوتی "ئەمریكا لیكۆڵینەوە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی وڵاتانی پشتیوانی تیرۆر دەكات، بە تایبەتی كۆماری ئیسلامی ئێران".

گوتیشی واشنتۆن پشتگیری پێشنیاری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنتۆنیۆ گوتریش دەكات لەبارەی دامەزراندنی دامەزراوەیەك لەناو نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەتایبەتی یاریدەدەرانی.

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ ھەر پاش بە دەسەڵات گەیشتنی سیاسەتێكی توندی بەرامبەر ئێران و ریكخراوە تیرۆریستییەكان گرتەبەر، كە لە بانگەشەی ھەڵبژاردن بەڵێنی بەرەنگاربوونەوەی ئێرانی دابوو، لە وانە رەتكردنەوەی رێككەوتنامەی ئەتۆمی كە پێی وایە بە قازانجی ئێران و زیانی ئەمریكا و كۆمەڵی نێودەوڵەتی تەواوبووە.

نیكی ھێلی لە بەشێكی تری قسەكانی گوتی "ناتوانین بەسەر زۆربەی رێكخراوە تیرۆریستییەكانی مەترسیدار لە جیھان سەركەوین، ئەگەر پێشی بەو وڵاتانەی ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان نەگرین كە پشتگیریی تیرۆر دەكەن".

JS