رهوشی مافی مرۆڤ له ئێران ئهمنێستی رهشبین كردووه
K24 - ههولێر:
بەپێی راپۆرتی ساڵانەی ئەمنێستی پێشێلكاری مافی مرۆڤ لەئێران زیادیكردووە.
رێكخراوی نێودەوڵەتی لێبوردنی گشتی لەراپۆرتی ساڵانەیدا باس لە پێشێڵكارییەكانی مافی مرۆڤ لەئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان دەكات و بەپێی راپۆرتەكە ئازادی رادەربرین بەرتەسكتر بووە و رێژەی لەسێدارەدانەكانیش زۆرتر بوونە.
ئەمجارەیان راپۆرتی ساڵانەی رێكخراوی نێودەوڵەتی لێبوردنی گشتی ناسراو بە ئەمنێستی رەشە و نائۆمێدی بەھەموو بڕگەكانییەوە دیارە.
شەڕی داعش وپەنابەری و ھەڵوێست و ھەڕەشەی سیاسی و سەربازی وڵاتان لەیەكتر بەشی ھەرەزۆری ئەو راپۆرتە 400 لاپەرەییەی بەخۆیەوە تەرخان كردووە.
لەو 400 لاپەرەیەش ئەمجارە 5 لاپەرەی تایبەتكراوە بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان.
رێخكراوی لێبوردنی گشتی لەراپۆرتەكەیدا دەلێ نەتەوەكانی دیكەی ئێران وەكوو كورد و بەلوچ و عەرەب لەدۆخی نالەباری ئابوری دا دەژین، و مافە سیاسی و كڵتورییەكانیان پێشێڵ دەكرێن، ئەگەریش نارەزایی دەرببرن، دەستبەسەر دەكرێن، تەنانەت لەسێدارەش دەدرێن.
لەو راپۆرتی ساڵانەی ئەمنێستیدا باس لەوە كراوە كە لەئێران مافی ئازادی قسەكردن، و ئازادی گردبوونەوەو باوەرە مەزھەبی و نەتەوەكانی دیكەی ناو ئێران پێشێڵ دەكرێت، بەندكراوان ئەشكەنجە دەكرێن، و سزای نادادپەروەرانەش بەسەر تۆمەتباراندا دەسەپێندرێت. راپۆرتەكە دەلێ رێژەی لەسێدارەدان لە ئێران زیادیكردووە،و لەو رۆژەیەش 2 كەسیان لەژێر تەمەنی 18 ساڵی لەسێدارەدراون. ئەمنێستی داوای ئازادكردنی سێ سەركردەی بەندكراوی ریفۆرمخوازەكانیش دەكات.
ساڵانە رێكخراوە جیاوازەكانی پەیوەندیدار بەمافی مرۆڤ ئێران بە پێشێڵكردنی مافی مرۆڤ تۆمەتبار دەكەن، و بەردەوامیش ئێران ئەوە رەتدەكاتەوە،و پێشتر محەمەد جەواد لاریجانی سەرۆكی ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران و محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانیش رایانگەیاندبوو كە گوشارھێنان لەسەر پرسی مافی مرۆڤ بۆ ئێران سیاسین.