ئێران داوای دەركردنی توركیا لە عێراق و سوریا دەكات

بەرپرسانی توركیا دەیانویست بچنە مزگەوتی ئومەوی لە دیمەشق نویژ بكەن

K24 - ھەولێر

راوێژكاری باڵای عەلی خامەنەیی داوای دەركردنی توركیا لە ھەر یەك لە وڵاتانی عێراق و سوریا دەكات.

عەلی ئەكبەر ویلایەتی لە كۆنگرەیەكی ھاوبەشی رۆژنامەوانی لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی سوریا بە توندی رەخنەی لە توركیا گرت و گوتی "ئەم وڵاتە بی مۆڵەت و بانگھێشتكردن چووەتە ناو سنووری عێراق و سوریا، یان خۆیان دەردەچن یان لە لایەن خەڵكی ئەم دوو وڵاتەوە دەردەكرێن".

ویلایەتی كە بە دامەزرێنەری سیاسەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران ناسراوە ئاماژەی بەوەدا پلانەكانی توركیا لەبارەی سوریاوە سەری نەگرت، ھەربۆیە ئەم جورە لێدوانانە دەدات.

ھەر لەمبارەوە گوتی "بەرپرسانی توركیا دەیانویست بچنە مزگەوتی ئومەوی لە دیمەشق نویژ بكەن، بەڵام ئەو چاوڕوانییەی ئەوان سەری نەگرت و ھەرگیزیش سەر ناگرێت. ئەوەی كە قازانج دەكات خەڵك و حكومەتی سوریایە".

سەرۆكی پەرلەمانی سوریا ھەدیە عەباس بۆ بەشداریكردن لە شەشەمین كۆنفرانسی پشتگیری لە ئینتئفازەی فەڵەستین لە ئێرانە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەم وڵاتە كۆبووەتەوە.

وەزیری دەرەوەی توركیا مەولوود چاوشئوغلۆ لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بە توندی رەخنەی لە ئێران گرت و "بە گرتنەبەری سیاسەتی تایفەگەری لە ناوچەكە تۆمەتباری كرد كە ئامانجیشی لاوازكردنی سعوودییە و بەحرێنە".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەھرام قاسمی لە وەڵامی ئەم لێدوانەی چاوشئوغلۆ گوتی توركیا "لە سەودای خاوی گەڕانەوە بۆ ئیمپراتۆری" دایە و بە "كردەوەكانی وەك دەستێوەردان، نایاسایی، ناڕەوا و پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەكان دەبێتە ھۆی خوێنڕێژی و زیادبوونی ناكۆكی و ناسەقامگیری لە ناوچە".

ئێران ھەر ئەوكات باڵیۆزی توركیای لە تاران بۆ وەزارەتی دەرەوە بانگھێشت كردبوو.

لە ماوەكانی رابردوو بە ھۆی روسیاوە، بەتایبەتی دانوستانەكانی ئاستانا لێك نێزیكبوونەوەیەك نێوان تاران و ئەنقەرە لە بارەی سوریا بەدی كەوت، تەنانەنت بەیاننامەی ھاوبەشیان بڵاو كردەوە.

بەڵام پاش سەردانێكی سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردوغان بۆ سعودییە، پەیوەندییەكانی نێوانیان جارێكی تر تێكچوو، كە لە بەحرێن باس لە سیاسەتی "ناسیۆنالیزمی فارس" لە عێراق و سوریا كرد.

ئەنقەرە و تاران بە لۆجستی، مەعنەوەی، دارایی، سەربازی و ھەواڵگری پشتگیری لە لایەنە دژ بە یەكەكانی سوریا دەكەن.

JS