رێبەر ئاشت نابێتەوە

پلانی ئاشتەوایی نیشتیمانی پاش مردنی رەفسەنجانی بوویە بەشێك لە كار و چالاكییەكانی ریفۆرمخوازانی ئێران و ھەوڵی بەدەستھێنانی دەدەن

K24 - ھەولێر

رێبەری ئێران عەلی خامەنەیی بە رەتكردنەوەی ئاشتەوایی نیشتیمانی رایگەیاند لەگەڵ ئەو كەسانە ئاشت نابینەوە كە سووكایەتییان بە رۆژی عاشورا كرد و بەسیجێكیان لەسەر شەقام رووتكردەوە.

خامەنەیی لە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ ئازەرییەكانی وڵاتەكەی بە توندی ھێرشی كردە سەر بە كارھێنانی دەستەواژەی "ئاشتەوایی نیشتیمانی" و لەمبارەوە گوتی "ئاشتەوایی نیشتمانی ھیچ مانایەكە نییە، مەگەر خەڵك لە یەكتر توڕە بوونە كە بیانەوێت ئاشت ببنەوە؟ توڕەبوونێك لە كاردا نییە، بەڵام خەڵك لەو كەسانە توڕن و ئاشت نابنەوە كە سوكایەتییان بە رۆژی عاشورای 88 (2009) كرد و بە شێوەیەكی توڵەسەندەوە و بە شەرمنانە گەنجێكی بەسیجیان لەسەر شەقام رووتكرد و لێیاندا".

ئاماژەی خامنەیی لەو كەسانە، لایەنگرانی موسەوییە كە بە بزووتنەوەی سەوز ناسراون و لە ساڵی 2009 پاش ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی چەندین خۆپیشاندانیان دژی راگەیاندنی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن سازكرد كە پێیان وایە ساختەكارییەكی زۆر لە راگەیاندنی ئەنجامەكانی كراوە.

سەرۆك كۆماری پێشووتری ئێران محەمەد خاتەمی ھەفتەی رابردوو بیرۆكەی ئاشتەوایی نیشتمانی نێوان گرووپە سیاسییەكانی ناوخۆی وڵاتەكەی خستەڕوو.

ھەر لەمبارەوە گوتی "ھیوادارین ئەو ئاشتییە رێژەییەی پاش كۆچی دوایی ھاشمی بەدەستھاتووە، بە سەرۆكایەتی رێبەر بەردەوام بێت".

پلانی ئاشتەوایی نیشتیمانی پاش مردنی رەفسەنجانی بوویە بەشێك لە كار و چالاكییەكانی ریفۆرمخوازانی ئێران و ھەوڵی بەدەستھێنانی دەدەن، بە تایبەتی كە سەرانی بزووتنەوەی سەوز میرحوسێن موسەوی و مەھدی كەڕوبی لەگەڵ ھاوسەرەكانیان لە ماڵەكانیان دەستبەسەرن و ھەموو جورە قەدەغەییەكیش خراوەتە سەر محەمەد خاتەمی.

خامنەیی بێ ئەوەی ناوی خاتەمی بێنێت و وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت "ئاشتەوایی نیشتیمانی بێ مانایە و خەڵك لەگەڵ فتنەگرانی عاشورای 88 ئاشت نابنەوە".

توندوتیژی عاشورای 2009 لە كاتێكدا بوو، كە بە پێی بیروباوەری شیعەكان ھەر جورە توندوتیژییەك لە رۆژی عاشورا قەدەغەیە، ھەربۆیە كوشتن و نواندنی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران لە رۆژی عاشورا لە لایەن ھێزە ئەمنییەكان، ھەستی دژی حكومەتی ئێران فراوانتر كرد و نارەزایەتییەكی زۆری لێكەوتەوە.

JS