هێرشه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كه‌ به‌ڕێوه‌یه‌

فه‌رمانده‌ی پرۆسه‌ی سه‌ربازیی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ: زیاتر له‌ 25 هه‌زار چه‌كداری داعش له‌ مووسڵ كوژراون و ئۆپراسیۆنی سه‌ر ته‌له‌عفه‌ر نزیكه‌

K24 - هه‌ولێر:

فه‌رمانده‌ی پرۆسه‌ی سه‌ربازیی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ به‌م نزیكانه‌ هێرشی سوپای عێراق و هێزه‌كانی دیكه‌ی عێراقی بۆ سه‌ر قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر ده‌ست پێده‌كات و له‌ ماوه‌ی 9 مانگی رابردووشدا توانیوویانه‌ زیاتر له‌ 25 هه‌زار چه‌كداری داعش له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا بكوژن.

فه‌ریق روكن، عه‌بدولئه‌میر یاره‌ڵڵا، فه‌رمانده‌ی پرۆسه‌ی سه‌ربازیی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا رایگه‌یاند " له‌ ماوه‌ی 9 مانگی ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵدا، زیاتر له‌ 25 هه‌زار چه‌كداری داعش كوژراون.

یاره‌ڵڵا ئه‌وه‌یشی گوتووه‌ "له‌ میانی هێرشه‌كانی هێزه‌كانی سوپای عێراق و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی دیكه‌دا كه‌ به‌شدارییان له‌ پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كه‌دا كردووه‌، توانیوویانه‌ زیاتر له‌ 25 هه‌زار چه‌كداری داعش بكوژن و له‌ ناو ئه‌و ژماره‌یه‌شدا، 450 كه‌سیان خۆكوژ بوون و خۆیان ته‌قاندووه‌ته‌وه‌".

هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه‌ كه‌ "هێزه‌كانی عێراق توانیوویانه‌ 1247 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو تێكبشكێنن و 130 فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی بچووكی داعش و زیاتر له‌ 1500 ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی دیكه‌ش تێكبشكێنن".

جه‌نگی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوای شاری مووسڵ نزیكه‌ی 9 مانگ به‌رده‌وام بووه‌و زیاتر له‌ 100 هه‌زار له‌ ئه‌ندامانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و دژه‌ تیرۆر و حه‌شدی شه‌عبی به‌شدارییان تێدا كردووه‌.

شه‌ڕی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی شاری مووسڵ ماوه‌ی 101 رۆژ به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام به‌ری رۆژئاوای شاره‌كه‌ به‌ 142 رۆژ كۆنترۆڵكرا.

هه‌روه‌ها فه‌ریق روكن یاره‌ڵڵا ئاشكرای كردووه‌ كه‌ "قۆناغی چواره‌می ئۆپراسیۆنی "هاتین نه‌ینه‌وا" به‌م نزیكانه‌ بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر ده‌ست پێده‌كات كه‌ هێشتا له‌ژێر كۆنترۆڵی چه‌كدارانی داعشدایه‌".

ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی مووسڵ رۆژی 17 تشرینی یەكەمی 2016 بە بەشداری ھەر یەك لە ھێزەكانی پێشمەرگە و عێراقی دەستیپێكرد و لە سەرەتادا ھێزەكانی پێشمەرگە ناوچەكانی دەروبەری مووسڵ بەتایبەتی لە باكوور و رۆژھەڵاتی شارەكە كۆنترۆڵكرد و رێگەی چوونە ناوەوەی ھێزەكانی عێراقیان بۆ ناو مووسڵ كردەوە. رۆژی 10 تەممووزی2017، ھێزەكانی عێراق كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی مووسڵیان راگەیاند.