شاجوانی دووەمی جیھان پڕۆژە لە كوردستان ئەنجام دەدات

"ئەگەر بەناوی كوردستان نەبایە بەشداری پێشبڕكێی شاجوانی جیھانم نەدەكرد"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

نینا موراد، شاجوانی دووەمی جیهان لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی رۆژباشی كوردستان24 رایگەیاند: "بەنیازم لە داھاتوودا چەند پڕۆژەیەك لە كوردستان ئەنجام بدەم".

سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ شاجوانی كوردستان گوتی: "پەیوەندیم لەگەڵ شاجوانی كوردستان ھەیە، لەبەرنامەماندایە دوو ئیش بە ھەماھەنگی ئەنجام بدەین".

نینا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "سەرەتا كە ویستم بەشداری لە پێشبڕكێی شاجوان بكەم، گوتیان نابێ لەسەر ناوی كوردستان خۆت ھەڵبژێری، بەڵكو دەبێ بەناوی عێراقەوە بێت، منیش گوتم، ئەگەر بەناوی كوردستان نەبێت بەشداری ناكەم".

نینا موراد، تەمەن 22 ساڵە و خەڵكی دەڤەری راپەڕینە، ساڵی 2016 وەك شاجوانی دووەمی جیهان ھەڵبژێردرا، ئێستا بە سەردانێك لە كوردستانە و سەردانی نووسینگەی سەرەكی كوردستان24 كرد لە شاری ھەولێر و بەشداری لە بەرنامەی رۆژباشدا كرد.