با ریاز مه‌حرزه‌كانی كوردستان بناسین
چوار مانگ له‌مه‌وبه‌ر بیرمه ریپۆرته‌رێكی بی بی سی به‌هۆی ئاسته به‌رزه‌كه‌ی ریاز مه‌حرز چووبووه ئه‌و گونده‌ی هۆز و خزمانی ئه‌و یاریزانه جه‌زائیرییه‌ی لێ ده‌ژی، ریپۆرته‌ره‌كه ناوه ناوه ده‌یگوت ئێستا من له گوندی باشترین یاریزانی ئه‌م وه‌رزه‌ی پرێمه‌رلیگم.
وتاره‌كه‌ی من له‌سه‌ر سوپرایزه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی لیسته‌ر سیتی نییه، ناشمه‌وێت باسی گۆڵ و ئه‌سیسته‌كانی جه‌یمی ڤاردی و ریاز مه‌حرزتان بۆ بكه‌م، ده‌مه‌وێت بپرسم بۆچی میدیای كوردی ریاز مه‌حرزه‌كانی كوردستانی پێ نادۆزرێته‌وه، به رێژه‌یه‌كی زۆر مه‌حرز نزیكه له ناسناوی باشترین یاریزانی ئه‌م وه‌رزه‌ی پرێمه‌رلیگ، ئه‌ی كوا ده‌پێم بڵێن كێ باشترین یاریزانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی كوردستانه؟
سێ ساڵ بوو ده‌مویست باشترینه‌كانی خولی نایابی كوردستان ده‌ستنیشان بكه‌م، زۆر حه‌زمده‌كرد چۆن ماركا باشترینه‌كانی لالیگا و بی بی سی باشترینه‌كانی پرێمه‌رلیگ ده‌ستنیشان ده‌كات، له كوردستانیش به ستاندارده جیهانییه‌كان باشترینه‌كانی خولی نایاب ده‌ستنیشان بكرێت، دواجار حه‌زه‌كه‌م هاته‌دی و هه‌فته‌ی رابردوو له كوردستان24 له‌گه‌ڵ هاوكارانم له دێسكی وه‌رزشی ده‌ستمان به راپرسیی باشترینه‌كانی چوارگۆشه‌ی زێڕینی خولی نایابی كوردستان كرد، تۆ له‌وه گه‌ڕێ راپرسییه‌كه هێشتا به‌شێكی بچووكه له‌و پڕۆژه‌یه‌ی من له خه‌یاڵمدایه، به‌ڵام زۆر دڵخۆشم رۆژی راگه‌یاندنی ئه‌نجامی راپرسییه‌كه ریپۆرته‌كه‌ی كوردستان24 هاوشێوه‌ی ریپۆرته‌ره‌كه‌ی بی بی سی ده‌توانێت بڵێت ئێستا له ماڵی باشترین یاریزانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی كوردستان‌م و ده‌كرێت جار جاره بشڵێت ئه‌مانه دایك و باوكی باشترین یاریزانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی كوردستانن، وه‌ك چۆن ریپۆرته‌ره‌كه‌ی بی بی سی ده‌یگوت ئه‌مانه به‌نی سنوسن، هۆزه‌كه‌ی ریاز مه‌حرزن.
به هه‌ڵه تێمه‌گه‌ن بابه‌ته‌كه ته‌نیا له پێناوی لاسایی كردنه‌وه‌ی قسه‌كانی ریپۆرته‌ره‌كه‌ی بی بی سی نییه، به‌ڵكو كرۆكی وتاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه، ده‌مه‌وێت بڵێم پێویسته میدیای وه‌رزشیی كوردی ئه‌و قاڵبه كلاسیك و ساده‌یه فڕێبدات كه ساڵانێكی زۆره ده‌قی پێوه گرتووه و هه‌موو رووماڵكردنی خولی نایابی ته‌نیا له چه‌ند راپۆرتێك بچووككردووه‌ته‌وه، ئیتر حه‌قه به قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی گرنگی به ریاز مه‌حرز، پاولۆ دیبالا، كریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی ده‌ده‌ین و نهێنییه‌كانی ژیانییان و گرفت و ژیاننامه‌یان باس ده‌كه‌ین، ئه‌ونده‌ش گرنگی به رۆڵه‌كانی وڵاتی خۆمان بده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ئیدی یاریزانی كوردیش متمانه‌ی به‌خۆی دروست بێت و ئاستی یاریزانی كورد بگاته رادده‌یه‌ك، رۆژێك له رۆژان ریپۆرته‌رێكی بیانی بچێته گوندێكی كوردستان و بڵێت ئێستا من له شوێنی یه‌كێك له باشترین یاریزانه‌كانی ئاسیا وه‌ستاوم.