بی بی سییه‌كه‌ی كوردستان
بیرمه پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌وكاته‌ی قوتابی كۆڵێژ بووم، هه‌فتانه كاتی خۆم بۆ چه‌ند به‌رنامه‌یه‌كی وه‌رزشیی تایبه‌ت ته‌رخان كردبوو، یه‌كێك له‌و به‌رنامانه‌ی زۆر سه‌یرم ده‌كرد و تامه‌زرۆی بووم، به‌رنامه‌ی (Match of The Day) بوو، كه دێرینترین و و به‌ناوبانگترین به‌رنامه‌ی تۆڕی به‌ناوبانگی به‌ریتانی (BBC)یه و گاری لینیكه‌ری ئه‌ستێره‌ی پێشووی یانه‌ی لیڤه‌رپوولی ئینگلیزی پێشكه‌ش ده‌كات، ئاخر له‌و به‌رنامه‌یه زۆر شتی تایبه‌تم له‌باره‌ی یارییه‌كانی ئه‌و هه‌فته‌یه‌ی پرێمه‌رلیگه‌وه ده‌بینی.
ئه‌و به‌رنامه هه‌فتانه بۆ منێكی عاشقی یارییه‌كانی پرێمه‌رلیگ وه‌كو پیشه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی لێهاتبوو، ئاخر ئه‌وكاته زۆر به زه‌حمه‌ت ده‌متوانی گۆڵه‌كانی یارییه‌كانی پرێمه‌رلیگ ببینم و ئه‌و به‌رنامه‌یه په‌نجه‌ره‌یه‌كی زۆر باش بوو بۆ من، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌فتانه چێژ له گۆڵه جیاوازه‌كانی پرێمه‌رلیگ وه‌ربگرم.
ئه‌وكاته‌ی هێشتا ده‌ستم به كاری راگه‌یاندن نه‌كردبوو قوتابییه‌كی كۆڵێژ بووم، هه‌رده‌م له‌خۆم ده‌پرسی، بۆچی به‌رنامه‌یه‌ك وا له من بكات له‌و سه‌ری دونیاوه سه‌یری خولێكی ئه‌وسه‌ری دونیا بكه‌م، كه‌چی میدیای كوردی ناتوانێت رووماڵێكی هاوشێوه‌ی خولی كوردستان بكات، تا به‌لایه‌نی كه‌م ئه‌و هه‌وادارانه‌ی خوله‌كه‌یان به‌لاوه خۆشه، په‌نجه‌ره‌یه‌كی وه‌كو منیان بۆ بكرێته‌وه و سه‌یری سه‌رجه‌م گۆڵه‌كانی یارییه‌كان بكه‌ن.
رۆژ هات و رۆیشت، من له یه‌كه‌م ئه‌زموونی ته‌له‌ڤزیۆنیمدا، له كوردستان24 سه‌ره‌تا وه‌كو پڕۆدویوسه‌ر و دواتر وه‌كو به‌رپرسی دێسكی وه‌رزش ده‌ستم به كاركرد، ئیتر كاتی ئه‌وه هات ئه‌و پرسیارانه‌ی وه‌كو قوتابییه‌كی كۆڵێژ ده‌مكرد و بێ وه‌ڵام مابوونه‌وه، وه‌كو میدیاكارێك وه‌ڵامیان بده‌مه‌وه و ئه‌و قسانه ببنه كردار.
له‌گه‌ڵ هاوكارانم له كوردستان24 پلانم بۆ ئه‌وه دانا هه‌موو هه‌ینییه‌ك كاتژمێر 22:30 ئه‌مڕۆی وه‌رزش تایبه‌ت به خولی نایابی كوردستان بكه‌ین، بڕیارمان دا ئه‌وه‌ی بۆ لالیگا و پرێمه‌رلیگ و سێریا ئه‌ی ده‌كه‌ین، بۆ خوله‌كه‌ی خۆشمانی بكه‌ین و په‌نجه‌ره‌یه‌ك بۆ هانده‌ران، یاریزانان، راهێنه‌ران و كارگێڕانی یانه‌كانی كوردستان بكه‌ینه‌وه و هه‌فتانه به شێوازێكی پڕۆفیشناڵ و جیاواز شرۆڤه‌ی یارییه‌كانی ئه‌و هه‌فته‌یه‌ی خولی نایابی كوردستان بكه‌ین.
گه‌رچی سه‌ره‌تا زۆر زه‌حمه‌ت بوو، ئاماری گۆڵ، كارته ره‌نگاوڕه‌نگه‌كان و هانده‌ره ئاماده‌بووه‌كانی یارییه‌كانمان ده‌ست بكه‌وێت، به‌ڵام دوای ئه‌نجامدانی سێ ئه‌ڵقه به یارمه‌تیی په‌یامنێره‌كانمان و پڕۆدیوسه‌ره‌كانی دێسكه‌كه‌مان له كوردستان24 گه‌یشتینه ئه‌و ئاسته‌ی راهێنه‌ری یه‌كێك له باشترین یانه نایابه‌كانی كوردستان داوای له یاریزانه‌كانی كردووه، هه‌فتانه هه‌موو هه‌ینییه‌ك كاتژمێر 22:30 له كاتی خۆیان 25 خوله‌ك بۆ سه‌یركردنی ئه‌مڕۆی وه‌رزش ته‌رخان بكه‌ن.
بی بی سی له به‌ریتانیا وه‌كو كه‌ناڵێكی نیشتیمانی سه‌یر ده‌كرێت و ئه‌و تۆڕه بووه‌ته یه‌كێك له به‌رهه‌مه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، ئێمه‌ش له كوردستان24 دروشمی میدیایه‌كی نیشتیمانیمان به‌رزكردووه‌ته‌وه و ده‌مانه‌وێت له دێسكی وه‌رزشی، وه‌رزشیی وڵاته‌كه‌مان به‌نیشتیمانی بكه‌ین، خۆشبه‌ختانه له ماوه‌ی سێ مانگی یه‌كه‌می كاركردنمان توانیومانه كارێكی وا بكه‌ین، میدیاكانی دیكه‌ی كوردستانیش بهێنینه سه‌ر خه‌ت و باشتر ئاوڕ له وه‌رزشی وه‌رزشوانه بێ نازه‌كانی خۆمان بده‌نه‌وه.