تكایه با بێده‌نگ بین!
كه‌م شه‌و هه‌یه ده‌ریای ئیجه ده‌یان رۆڵه‌ی ئه‌م وڵاته قووت نه‌دات، كه‌م هه‌فته هه‌یه هاوتای به‌ڕێوه‌چوونی یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان له بری سه‌یركردنی یاریی، هاونیشتیمانیان به‌دیار خنكانی خۆشه‌ویستانیان حه‌سره‌ت نه‌كێشن.
هه‌فته‌ی رابردوو بێ ویژدانیی ده‌ریای ئیجه گه‌یشته لوتكه، له ماوه‌ی 10 رۆژ ده‌یان رۆڵه‌ی كوردزمانی نارده ئه‌و دونیا، كه‌چی نه‌مبینی هه‌ینی رابردوو به‌ر له ده‌ستپێكردنی یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان یاریزانان خوله‌كێك بێ ده‌نگی بنوێنن. له كاتێكدا له یۆنان وه‌كو هاوسۆزییه‌ك بۆ ئه‌و كۆچبه‌رانه بۆ ماوه‌ی دوو خوله‌ك یارییه‌ك دواخرا، لێژنه‌ی ئۆلۆمپی جیهانیش بڕیاری دا مه‌شخه‌ڵی ئۆلۆمپی به كه‌مپی كۆچبه‌رانیشدا تێپه‌ڕ بێت و له مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی ئۆلۆمپیادی ریۆ دێ جانیێرۆی 2016شدا، كۆچبه‌رێك ئاماده‌ی مه‌راسیمه‌كه بێت.
به‌هۆی خنكانی زیاتر له 26 رۆڵه‌ی باشوور و رۆژئاوای كوردستان، له‌م هه‌فته‌یه له خولی یانه پله یه‌كه‌كانی یۆنان‌دا له یاریی نێوان لاریسا و ئاچارنایكۆس یاریزانانی هه‌ردوو تیپ له‌گه‌ڵ فیكه‌ی ده‌ستپێكی یارییه‌كه له بری ئه‌وه‌ی ده‌ست به یاریكردن بكه‌ن، وه‌كو هاوسۆزییه‌ك و داوای به‌هاناوه‌چوونی كۆچبه‌رانی كوردستان، یاریزانه‌كان دوو خوله‌ك له‌سه‌ر چیمه‌نی یاریگه‌كه دانیشتن و هانده‌ران چه‌پڵه‌یان بۆ لێدان.
به‌ڕێوه‌چوونی خولی نایابی كوردستان له‌م دۆخه خراپه‌ی باشووری كوردستان، شانازییه‌كه مێژوو بۆ فێدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستانی ده‌نووسێته‌وه، به‌ڵام داوا له‌و فێدراسیۆنه ده‌كه‌م بڕیار بده‌ن به‌ر له یارییه‌كانی خولی پله یه‌ك و نایاب خوله‌كێك بێده‌نگیی بنوێنرێت، ئاخر بۆ ده‌بێت له دووری هه‌زاران كیلۆمه‌تره‌وه دوو یانه‌ی بێگانه به‌زه‌ییان پێمان‌دا بێته‌وه و به‌هۆی خنكانی ده‌یان كۆچبه‌ری كورد له دوورگه‌ی سامۆسه‌وه، دوو خوله‌ك یارییه‌كه‌یان دوابخه‌ن، كه‌چی ئێمه هاوسۆزی رۆڵه خێر له خۆنه‌دیوه‌كانمان نه‌بین.
سێ مانگ له‌مه‌وبه‌ر كه چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌ك پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسای هه‌ژاند، یانه و خوله‌كانی ئه‌وروپا تێكڕا هاوسۆزی خۆیان بۆ پاریس راگه‌یاند و زۆربه‌ی خوله به‌هێزه‌كانی ئه‌وروپا به خوله‌كێك بێ ده‌نگیی نواندن ده‌ستیان به یارییه‌كان كرد، چونكه ئه‌وان وه‌رزش به گشتی و تۆپی پێ به‌تایبه‌تی وه‌كو ئامرازێك بۆ كۆكردنه‌وه و له یه‌ك نزیككردنه‌وه‌ی یه‌كتری به‌كارده‌هێنن، پێویسته ئێمه‌ش وه‌رزش بكه‌ینه خاڵێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی رۆڵه‌كانی نیشتیمان و خولی نایاب و پله یه‌كی كوردستانیش به نیشتیمانی بكه‌ین و رۆڵه‌كانی وڵاتی له ده‌ور كۆبكه‌ینه‌وه.