موعجیزه‌ئاسا.. تیمساحێك ته‌رمێك راده‌ستی كه‌سوكاره‌كه‌ی ده‌كاته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند هاوڕێیه‌ك له یه‌كێك له گونده‌كانی ئیندۆنیسیا، به مه‌به‌ستی مه‌له‌وانی ده‌چنه ناو رووبار، یه‌كێك له‌وان ئاوی رووباره‌كه ده‌یبات و ده‌خنكێت.
سیاروفهدین، 41 ساڵ، له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدا بووه، وه‌ك هاوڕێكانیشی باسی لێوه‌ده‌كه‌ن، ئه‌وان سه‌رقاڵی مه‌له‌وانی بوونه، به‌ڵام ئه‌و پیاوه وه‌ك بڵێی شتێك له ژێر ئاوه‌كه‌وه رایكێشێت نقووم بووه و خنكاوه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌سوكاره‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بن له گه‌ڕان به دوای ته‌رمی سیاروفهدین و پۆلیسیش له گه‌ڕان و پشكنین هاوكارییان ده‌كات، به‌ڵام هه‌ر نایدۆزنه‌وه، ئه‌وان سه‌ره‌تا وایانزانیوه، ته‌رمی ئه‌و پیاوه له‌گه‌ڵ ئاوی رووباره‌كه، چووه‌ته قوڵایی رووباری لێمپاكێ.
وه‌ك رۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یل بڵاویكردووه‌ته‌وه، دانیشتووانی ئه‌و ناوچه‌یه بڕوایه‌كی زۆریان به سحر و جادوو هه‌یه، دوای ئه‌وه‌ی له یه‌كێك له شاره‌زایانیش ده‌پرسن، ئامۆژگارییان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له كه‌ناری رووباره‌كه چه‌ند جارێك بانگی كوڕه‌كه‌یان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به زیندوویی بێته‌وه.
چه‌ند جارێكی دیكه هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی ئه‌و پیاوه، دواجار تیمساحێك ته‌رمی سیاروفهدین ده‌هێنێته‌وه و به‌بێ ئه‌وه‌ی شوێنه‌واری هیچ برینێك به جه‌سته‌یه‌وه بێت، ته‌رمه‌كه نزیك كه‌ناری رووباره‌كه ده‌كاته‌وه وه‌ك بڵێی راده‌ستی كه‌سوكاره‌كه‌ی ده‌كاته‌وه.