ئه‌م گۆرانییه ئابووری دوورگه‌یه‌كی ژیاندووه‌ته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
پێده‌چێت گۆرانی دێسپاسیتۆ، كه یه‌كێكه له‌و سێ گۆرانییانه‌ی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی یوتیوب زۆرترینجار بینراوه، به‌شداری له بووژانه‌وه‌ی ئابووری دوورگه‌ی پۆرتۆریكۆ هه‌بووبێت.
دێسپاسیتۆ، هی گۆرانیبێژان لویسی فۆنسی و دادی یانكییه و به ماوه‌یه‌كی كه‌م سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێناوه، تا ئێستا زیاتر له دوو ملیار و 75 ملیۆن جار بینراوه، به‌تایبه‌تیش دوای ئه‌وه‌ی گۆرانیبێژی كه‌نه‌دی جه‌ستن بیبه‌ر، به‌شداری له كۆپی ئینگلیزی گۆرانییه‌كه‌دا كرد.
وێبسایتی هۆتێلز، كه خزمه‌تگوزاری تۆماركردنی ژووری هۆتێله‌كان ده‌كات له جیهان، ئاماژه به‌وه ده‌كات، له تۆڕی ئینته‌رنێت سێرچ به دوای دوورگه‌ی پۆرتۆریكۆ له ماوه‌ی دوو مانگی رابردوو، به رێژه‌ی 45% زیادبووه.
گوته‌بێژی وێبسایتی تریپ ئهدڤایز باس له‌وه ده‌كات، له ماوه‌ی دوو مانگدا، ئاستی بینینی په‌یجه‌كانی ئه‌و دوورگه‌یه، 24% به‌زربووه‌ته‌وه.
هاوكات رێژه‌ی سه‌یركردنی دوورگه‌كه له وێبسایتی ئێكسپێدیای ئه‌مه‌ریكی، بۆ گه‌شتوگوزار 10% زیادبووه.
هه‌رچه‌نده ساڵی رابردوو، دوورگه‌ی پۆرتۆریكۆ به‌ده‌ست نه‌خۆشی زیكا ناڵاندوویه‌تی، به‌ڵام رێكخراوه ته‌ندرووستییه جیهانییه‌كان كۆتاییهاتنی ئه‌و نه‌خۆشییه‌یان راگه‌یاند و هه‌ندێكیش له‌و بڕوایه‌دا، زیادبوونی رێژه‌ی گه‌شتیارانی بۆ ئه‌و دوورگه به‌هۆی كۆتاییهاتنی نه‌خۆشییه‌كه بێت.
وێبسایتی كایاكی ئه‌مه‌ریكی، بۆ دابینكردنی تكیتی فڕۆكه و گه‌شت، رایگه‌یاند، پرۆسه‌ی گه‌ڕان، به‌دوای گه‌شته فڕۆكه‌وانییه‌كان بۆ دوورگه‌ی پۆرتۆریكو، به رێژه‌ی 25% زیادبووه، به‌تایبه‌تیش دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی كۆپی ئینگلیزی گۆرانی دێسپاسیتۆ.
پۆرتۆریكۆ به ئیسپانی واتا ئاوی ده‌وڵه‌مه‌ند، دوورگه‌یه‌كی سه‌ر به ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه له‌سه‌ر ده‌ریای كاریبی، زمانی فه‌رمی دوورگه‌كه ئینگلیزی و ئیسپانییه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی گۆرانییه‌كه نزیكه‌ی 3 ملیار جار بینراوه، به‌ڵام به‌هۆی ناوه‌ڕۆكه ورووژێنهرهكهی، له هه‌ندێك وڵاتی ئیسلامی قه‌ده‌غه‌كراوه.