گۆڕان كەمپینی نا بۆ ریفراندۆم رەتدەكاتەوە

تێبینیمان لەسەر ریفراندۆم ھەیە بەڵام لەگەڵ ئەم شێوازە كاركردنەدا نین
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

گۆڕان راگەیاندنی كەمپینی نا بۆ ریفراندۆم رەت دەكاتەوە، ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: راستە تێبینیمان لەسەر میكانیزمی ئەنجامدانی ریفراندۆم ھەیە بەڵام لەگەڵ ئەم شێوازە كاركردنەدا نین، سەبارەت بەو پرۆسەیە لەگەڵ پارتی كۆدەبینەوە بۆ ئەوەی بگەینە بڕیارێكی نیشتمانی و نەتەوەیی .یەكگرتووش رەتیدەكاتەوە ھیچ سەركردەیەكی حزبەكەی دژی ریفراندۆم بێت.

دوای دوو ساڵ خەریكە دەستە ساردەكان بە تەوقەكردن گەرم دەبنەوە، رەنگە ئەم نەرمیەش كە ئەم ماوەیە لەلایەن ھێزەكانەوە بەرامبەر یەكتر ھەستی پێدەكرێت ئامانجە گرنگەكە بەدی بێنێت كە یەكخستنەوەی نێو ماڵی كوردە بۆ سەرخستنی پرسی ریفراندۆم، بەڵام كە خەریكە حزبەكان یەكدەنگ دەبن، چەند دەنگێك بۆ راگەیاندنی گرووپی نا بۆ ریفراندۆم دەبیسترێ، كە بەقسەی خۆیان كەسایەتی سیاسی نێو پێنج حزبەكەشیان لەگەڵدان، ئەمە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕانە و رای بزووتنەوەكە بە ئاشكرا دەردەبڕێت.

تا ئێستا لەنێو سەرجەم حزبەكانی باشووری كوردستان تەنیا گۆڕان و كۆمەڵ بەشداری كۆمیتەی باڵای ریفراندۆمیان نەكردووە، كە وەك خۆیان دەڵێن لەگەڵ ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستانن، بەڵام تێبینیان لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی پرۆسەكە ھەیە، بۆ ئەمەش كۆبوونەوەكان دەستیان پێكردووە تا بگەنە رێككەوتن.

حاجی كاروان ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتوو رەتی دەكاتەوە ھیچ سەركردەیەكی حزبەكەی دژی ریفراندۆم بێت.

راگەیاندنی كەمپینی نا بۆ ریفراندۆم لەلایەن حزبەكانەوە بە گەورەیی تەماشا نەكراوە، بۆیە بەشێكیان نایانەوێ كار بگاتە وەڵام و وەڵامكاری. كە تەماشای كۆمیتەی باڵای ریفراندۆمیش دەكەی سەركردە دیارەكانی ئەو حزبانە تێیدا بەشدارن و ئامادەكاری دەكەن تا 25 مانگی 9 زۆرترین دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان كۆبكەنەوە.