ئه‌مڕۆ كۆنگرێسى ئه‌مريكا ده‌بێته‌ ناوه‌ندى تاوتوێكردنى پرسى سه‌ربه‌خۆيى كوردستان

كوردستان 24 و واشنتن تايمز سپۆنسه‌رى كۆنفرانسه‌كه‌ن

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ هه‌ينى، پرسى سه‌ربه‌خۆيى و ريفراندۆمى كوردستان له‌ كۆنفرانسێكدا كه‌ بۆ يه‌كه‌مجاره‌ ئه‌نجامبدرێت له‌ كۆنگرێسى ئه‌مريكا ده‌خرێته‌ڕوو.

هه‌ر یه‌كه‌ له‌ "مه‌سروور بارزانی" راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و "نه‌جمه‌دین كه‌ریم" ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارێزگاری كه‌ركووك و "جۆ وێڵسن" ئه‌ندامی كۆنگرێسی ئه‌مریكا كه‌ نوێنه‌ری كارۆلینای باشوور،‌ سه‌ر به‌ پارتی كۆماریی ئه‌مریكا‌‌ و "ترێنت فرانكس" ئه‌ندامی كۆنگرێسی ئه‌مریكا له‌ ویلایه‌تی ئه‌ریزۆنا له‌ پارتی كۆماریی ئه‌مریكا، له‌و كۆنفرانسه‌كه‌دا پانێلیان ده‌بێت و قسه‌ ده‌كه‌ن.

ئه‌و كۆنفرانسه‌ له‌ ژێر ناوى (كوردستان، هاوپه‌يمانى ستراتيژى ئه‌مريكا)‌ كاتژمێر 9:00 به‌یانی به‌ كاتی واشنتن (4:00 ئێواره‌) به‌ كاتی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێده‌كات و رۆژێك ده‌خایه‌نێت.

له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا چه‌ندین نووسه‌ر و تویژه‌ر و جه‌نه‌راڵی سوپای ئه‌مریكا به‌شداری ده‌كه‌ن.

هه‌ر ئه‌مڕۆ و پێش ده‌ستپێكردنی كۆنفرانسه‌كه‌، رۆژنامه‌ی به‌ناوبانگی واشنتن تایمزی ئه‌مریكی، ژماره‌یه‌كی تایبه‌تی له‌سه‌ر كوردستان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ چه‌ندین كۆنگرێسمان و سیاسه‌توان و نووسه‌ری ئه‌مریكی و كوردیش وتاریان تێدا نووسیووه‌ و پشتگیریی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیان كردووه‌.

كۆنفرانسه‌كه‌ به‌ هاوبه‌شى له‌ نێوان ده‌زگای كوردستان 24 بۆ راگه‌یاندن و توێژینه‌وه‌ و رۆژنامه‌ى به‌ناوبانگى واشنتن تايمزی ئه‌مریكی سازكراوه ‌و هه‌ر دوو ده‌زگا میدیاییه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان و چڕو پڕ رووماڵی چالاكییه‌كانی ده‌كه‌ن و بۆ بینه‌ران و خوێنه‌رانی ده‌گوازنه‌وه‌.

به‌ستنی كۆنفرانسێك ده‌رباره‌ی كوردستان وه‌ك هاوپه‌یمانی ستراتیژیی ئه‌مریكا، هاوكاتی ئه‌و هه‌وڵه‌ هه‌مه‌لایه‌نانه‌یه‌ كه‌ بۆ گه‌یاندنی په‌یامی خه‌ڵكی كوردستان به‌ ناوه‌نده‌ گرنگ و بڕیاربه‌ده‌سته‌كانی جیهان ده‌ستیپیكردووه‌، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان بڕیاریداوه‌ له‌ 25/9/2017 ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ساز بكات.

ئه‌و به‌رپرسانه‌ی له‌م كۆنفرانسه‌دا قسه‌ ده‌كه‌ن و پانێلیان ده‌بێت، به‌شی زۆری بۆ گفتوگۆكردنه‌ له‌سه‌ر پرسی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و خستنه‌ڕووی به‌رچاو روونی بۆ ئه‌مریكییه‌كان و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ و وه‌ك لۆبیكردنێكیشه‌ تا له‌ ئاستی جیهاندا پاڵپشتی زیاتری پرۆسه‌كه‌ په‌یدا بكرێت. 

ئه‌مه‌ يه‌كه‌مجاره‌ ده‌زگه‌يه‌كى ميديايى كوردستان و ئه‌مريكا كۆنفرانسێكى له‌و جۆره‌ له‌ باره‌ى پرسى سه‌ربه‌خۆيى كوردستان له‌ ناو كۆنگرێس ساز بكه‌ن.

هه‌ر بۆیه‌، نووره‌دين وه‌يسى به‌ڕێوبه‌رى گشتى كوردستان 24 له‌ واشنتنه‌وه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بايه‌خى ئه‌نجامدانى ئه‌و كۆنفرانسه‌ كرد و گووتی "ماوه‌يه‌كه‌ له‌ ئه‌مريكا به‌ گشتى و له‌ ناو كۆنگرێس قسه‌ و باس له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆيى كوردستان ده‌كرێت و كوردستان 24 وه‌ك تاكه‌ ميدياى كورديى لێره‌وه‌ كه‌مپينێكى بۆ سه‌ربه‌خۆيى كوردستان راگه‌ياندووه‌ و له‌گه‌ڵ واشنتن تايمز ئه‌م هه‌فته‌يه‌ كۆنفرانسێكى تايبه‌ت له‌ ناو كۆنگرێس ده‌به‌ستین و گرنگى ئه‌م كۆنفرانسه‌ له‌وه‌دايه‌ بۆ يه‌كه‌مجاره‌ له‌ باره‌ى سه‌ربه‌خۆييه‌وه‌ ده‌زگايه‌كى كوردى و ده‌زگايه‌كى ئه‌مريكى له‌ ناو كۆنگرێس كۆنفرانسێك ساز ده‌كرێ.

هه‌روه‌ها گوتى: راسته‌ ره‌نگه‌ لێره‌و له‌وێ هه‌ندێك به‌رپرسى ئه‌مريكى له‌ رووى ديپلۆماسييه‌وه‌ بڵێن ئێستا كاتى ريفراندۆم نييه‌، به‌ڵام تا ئێستا له‌ ناو كۆنگرێس و له‌ ناو به‌رپرسانى ئه‌مريكا هيچ به‌رپرسێك نييه‌ بە ئاشکرا دژى ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆيى كوردستان بێت.