منداڵێك به 6 مانگی فێری قسه‌كردن بووه‌و ئێستا كتێب ده‌خوێنێته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
زه‌هرا ئه‌و منداڵه‌یه كه به منداڵه موعجیزه‌كه ناو ده‌برێت و ته‌مه‌نی 18 مانگه و له ته‌مه‌نی 6 مانگی‌دا فێری قسه بووه‌و ئێستا ده‌توانێت كتێب و چیرۆك بخوێنێته‌وه و سروودی نیشتمانی وڵاته‌كه‌ی ئه‌زبه‌ركردووه‌و داوای هه‌ر شتێكی لێبكه‌یت ده‌توانێت بیخوینێته‌وه.
دایكی ناوی غه‌مزه‌یه و ده‌ڵێت "هیچ رۆژێك له به‌رده‌م منداڵه‌كه‌ماندا به ئینگلیزی قسه‌مان نه‌كردووه‌و به‌خێوكه‌ره‌كه‌یشی به هه‌مان شێوه، هه‌روه‌ها هیچ هه‌وڵێكیشم بۆ فێركردنی نه‌داوه، به‌ڵام ناوه دیاره‌كان و ژماره‌كان و زۆر وشه‌ی گۆرانییه ئینگلیزییه‌كان ده‌زانێت".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت له سێ مانگییه‌وه هه‌ستمان به جیاوازییه‌كانی منداڵه‌كه‌مان كردووه‌و بردوومانه‌ته لای پزیشك كاتێك هه‌وڵی ده‌دا هه‌ستێته سه‌ر پێی خۆی و جوڵه‌ی جیاواز و نائاسایی ده‌كرد كه له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نیدا گونجاو نه‌بووه.
سه‌ركان ئاچارته‌په، باوكی ئه‌و منداڵه‌یه و سه‌ره‌تا هیچ هه‌ڵسوكه‌وتێكی جیاوازی منداڵه‌كه‌ی هه‌ست پێنه‌كردبوو، تا ئه‌و كاته‌ی هاوژینه‌كه‌ی باسی توانای منداڵه‌كه‌یانی بۆ كردووه‌و ئه‌ویش چاودیری كردووه‌و ده‌ڵێت "زۆر دڵخۆشم، به‌ڵام له داهاتووی منداڵه‌كه‌یشم دوو دڵم، ئایا چۆن ده‌بێت و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی چی به‌سه‌ر دێت، ئیستا هیچ كێشه‌یه‌كمان نییه، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌موو منداڵه‌كان ئاساییه، هیوادارم له داهاتوودا منداڵه‌كه‌م به باشی په‌روه‌رده بكرێت و بخوێنێت".
كاتێك دایكی بینیوویه‌تی منداڵه‌كه‌ی بایه‌خ به كتێب و خوێندنه‌وه ده‌دات، له‌گه‌ڵ خۆی بردوویه‌تی بۆ كتێبخانه و ژماره‌یه‌كی زۆر كتێبی زانستی و جۆراوجۆری تایبه‌ت به منداڵانی بۆ كڕیوه.
له ته‌مه‌نی ساڵێك و 5 مانگی‌دا، زه‌هره توانیویه‌تی ئه‌و كتێبانه بخوێنێته‌وه‌و لێیان تێبگات، زۆر زانیاری و ئایه‌تی قورئانیشی ئه‌زبه‌ركردووه. ته‌نانه‌ت جه‌ژنه فه‌رمییه‌كانی توركیا و مێژووه‌كه‌یان ده‌زانێت.