نزیكەی 700 قاچاخچی دەستگیرکران و ژمارەیەكیان كوردن

ھەندێكیان تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤیان لەسەر ساغبووەتەوە

K24 - ئیستانبوڵ

لەشاری ئەزمیری باکووری تورکیای نزیک لە سنووری  یۆنانستان، هێزەکانی ئەمنی تورکیا 675 قاچاخچیان دەستگیركرد، ژمارەیەكی قاچاخچی كورد لە نێو گیراوەكاندا ھەن.

 فەرماندەی سەربازیی هێزەکانی دەریاوانی سەر بە سوپای تورکیا رایگەیاند، لەماوەی یەک هەفتەدا لە  پەراوێزی 15 ئۆپەراسیۆنی سەربازیدا، توانیویانە 675 قاچاخچی لەنزیک دەریای ئیجەی سنووری شاری ئەزمیری تورکیا  دەستگیر بکەن.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، ئەو قاچاخچییانە بەشێوەی نایاسایی کۆچبەرانیان لە رێگای دەریای ئیجە لە نێوان سنوورەکانی تورکیا و یۆنانستان و ئیتاڵیا گواستووەتەوە و بەشێک لەو قاچاخچییانە، تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤیان لەسەر ساغبووەتەوە  و رەوانەی دادگا کراون.

بەپێی راگەیاندراوەکەی هێزەکانی دەریاوانی تورکیا قاچاخچییەکان سەر بە چەند وڵاتێکن لەوانە 518 قاچاخچی خەڵکی ئەفغانستانن و 17 قاچاخچی خەڵکی سۆماڵە و 17 شیان خەڵکی کۆنگۆیە 19 دیكەش پاکستانین و 9شیان قاچاخچی خەڵکی باشووری كوردستانن و 13 قاچاخچی سەر بە وڵاتانی دیکەن.

ئەمە لە كاتێكدایە هەینی رابردوو بەلەمێکی نەفەر هەڵگری کۆچبەری نایاسایی لە دەریای ئیجەی نزیک شاری ئیزمیر تورکیا نوقمی دەریا بوو، بەهۆیەوە 7 لە سەرنشینەکانی گیانیان لە دەستدا کە پێنج لەسەر نشینەکان کورد بوون.

ئا: كامەران حاجی عومەر