عه‌لی حوسێن: نابێت گۆڕان ده‌ركردنی یاسای ریفراندۆم به‌ مه‌رجی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان بزانێت

"دۆخه‌كه‌ ناخوازێت كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌وه‌ زیاتر بخایه‌نێت"
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

محەمەدی حاجی مەحموود سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان رایدەگیەنێت، دۆخەکە چیتر ناخوازێت چارەسەرکردنی کێشەکان دوا بکەوێت و پێویستە گۆڕان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بێتە پێشەوە، ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتیش دەڵێت: "نابێت گۆڕان دەرکردنی یاسای ریفراندۆم بە مەرجی کاراکردنەوەی پەرلەمان وەربگرێت".

چەند رۆژێکە پارتی چاوەرێی وەڵامی بزووتنەوەی گۆڕانە بۆ کۆبوونەوە، بزووتنەوەکەش پارتی لە چاوەڕوانی ھێشتووه‌تەوە، پارتی ھەموو مەرجەکانی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان لابردووە، ئەوان دەڵێن، دۆخەکە ناخوازێت چیتر چاوەڕێی بزووتنەوەی گۆڕان بکەین.

جگە لە پارتی لایەنەکانی دیکەش پەرۆشی ئەوەن بزووتنەوەی گۆڕان وادەیەک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دابنێت، چونکە بە دوا کەوتنی چارەسەرکردنی کێشەکان، خولی چوارەمی پەرلەمان بەکۆتا دێت و ماوەکەی بەسەر دەچێت.

تاوەکو ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان ھیچ قسەیەکی فەرمی لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی نەکردووە، نە بە ئا نە بە نا، پارتیش ئومێدەوارە ھەرچی زووە ھەردوو لا لەسەر ئاستی باڵا کۆببنەوە و کۆتایی بە ھەموو کێشەکان بھێندرێت.