راپۆرتێكى نێوده‌وڵه‌تى: چه‌كدارانى داعش له‌ شه‌ريعه‌تدا كۆڵه‌وارن

ئاين رۆڵێكى به‌رته‌نگ و زۆر بچووكى هه‌بووه‌ له‌ پاڵنانى گه‌نجان بۆ چوونه‌ ريزى گرووپه‌ چه‌كداره‌كان

K24 – هه‌ولێر:

نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان ئه‌نجامى راپۆرتێكى له‌ باره‌ى چه‌كدارانى داعش له‌ عێراق و سووريا بڵاوكرده‌وه‌.

به‌ گوێره‌ى راپۆرته‌كه‌ چه‌كدارانى داعش له‌ رووى ديندارى و تێگه‌يشتنيان له‌ ئاين زانيارى رووكه‌شانه‌يان هه‌يه‌ و قووڵنه‌بوونه‌ته‌وه‌ و له‌ چه‌مكه‌ ئاينييه‌كان تێنه‌گه‌يشتوون.

رۆژنامه‌ى ئيندپێندنتى بريتانى توێژينه‌وه‌ى نووسينگه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆرى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كانى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێيدا هاتووه‌، زۆرينه‌ى ئه‌و گه‌نجانه‌ى ماڵه‌كانى خۆيان بۆ شه‌ڕكردن له‌ رێى گرووپه‌ تيرۆريستييه‌كانى سووريا به‌جێهێشتووه‌، له‌ رووى كۆمه‌ڵايه‌تى و سياسييه‌وه‌ په‌راوێزخراو بوونه‌.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: ئاستى فێربوون و خوێنده‌واريان نزم بووه‌ و ته‌نانه‌ت كۆڵه‌واربوونه‌ له‌ تێگه‌يشتنى ماناى راسته‌قينه‌ى جيهاد و بيروباوه‌ڕى ئيسلامى.

راپۆرته‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ 43 كه‌سى سه‌ر به‌ 12 وڵات ئه‌نجامدراوه‌ كه‌ له‌ ريزى داعشدا بوونه‌.

راپۆرته‌كه‌ ده‌ريخستووه‌، روانگه‌ى زۆربه‌يان بۆ ئاين له‌ سۆنگه‌ى دادوه‌رى و سته‌مه‌وه‌ بووه‌، نه‌ك له‌ رووى پارێزگارى (ته‌قوا) و لايه‌نى رووحى.

هه‌روه‌ها هاتووه‌ سێ له‌ چوارى ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌ له‌ سووريا چاوپێكه‌وتنيان له‌گه‌ڵ كراوه‌ بڕياريانداوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كانيان و هه‌ندێكيشيان له‌ لايه‌ن حكومه‌تى وڵاته‌كانيانه‌وه‌ داواكراوون.

هه‌رچه‌نده‌ نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان داوايكردبوو، هه‌موو وڵاتان به‌شدار بن له‌ داڕشتنى راپۆرته‌كه‌، به‌ڵام ته‌نيا 7 وڵات به‌شدار بوونه‌.

ئه‌و وڵاتانه‌ سێيان ئه‌ندامى يه‌كێتى ئه‌وروپا و چواره‌كه‌ى ديكه‌يان له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ئه‌فريقان.

هه‌ريه‌ك له‌ پرۆفيسۆر حامد سه‌عيد له‌ زانكۆى مانچسته‌ر مترۆپۆليتان و شاره‌زاى كاروبارى تيرۆر ريتچارد باريت كه‌ له‌ زيندان چاوپێكه‌وتنه‌كانى ئه‌نجامداوه‌، به‌شدارييان له‌ راپۆرته‌كه‌دا كردووه‌.

دابڕانى كۆمه‌ڵايه‌تى

راپۆرته‌كه‌ سه‌رنجى بۆ ئه‌وه‌ راكێشاوه‌ كه‌ زۆربه‌ى ئه‌و چه‌كدارانه‌ى چاوپێكه‌وتنيان له‌گه‌ڵ كراوه‌، هه‌وڵيانداوه‌ په‌يوه‌ندى به‌ ژماره‌يه‌ك گرووپى تيرۆريستى وه‌ك داعش و به‌ره‌ى نووسره‌ و ئه‌حرارى شام بكه‌ن و ئه‌و كه‌سانه‌ سه‌ر به‌ خێزانى گه‌وره‌ بوونه‌ له‌ ناوچه‌ جياجياكانى جيهان، به‌ڵام هه‌موويان له‌ ره‌وتى كۆمه‌ڵايه‌تى و ئابوورى و چالاكى سياسى دابڕاو بوونه‌.

توێژينه‌وه‌كه‌ جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، پاڵنه‌رى ئاينى رۆڵێكى به‌رته‌نگ و زۆر بچووكى هه‌بووه‌ له‌ پاڵنانى گه‌نجان بۆ چوونه‌ ريزى گرووپه‌ چه‌كداره‌كان، به‌ڵام پاڵنه‌رى ئابوورى به‌ شێوه‌يه‌كى به‌ربڵاو و كاريگه‌ر و به‌رچاو رۆڵى هه‌بووه‌ له‌ په‌يوه‌ست بوونى ئه‌و چه‌كدارانه‌ به‌ گرووپه‌ تيرۆريستييه‌كانه‌وه‌ كه‌ زۆرێكيان ته‌ماعى مووچه‌ و خانوو و هاوسه‌ريان پێداوون.

توێژينه‌وه‌كه‌ سه‌رنجى بۆ ئه‌وه‌ش راكێشاوه‌، كه‌ زۆرێك له‌ به‌ڵگه‌نامه‌ دزه‌پێكراوه‌كانى داعش ئاماژه‌ى روونيان تێدايه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ چه‌كداره‌كانى داعش زانيارى و تێگه‌يشتنى رووكه‌شانه‌يان بۆ شه‌ريعه‌تى ئيسلامى هه‌بووه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌: داعش سه‌ركه‌وتوو بوو له‌وه‌ى له‌ رێى پڕوپاگه‌نده‌ى گه‌وره‌وه‌ سه‌رنجى هه‌زاران مووسڵمانى له‌ ئاستى جيهان بۆ خۆى راكێشا و به‌ڵێنى ژيانێكى پێداون كه‌ دووربێت له‌ سه‌ركوتكارى خۆرئاوايى و به‌ ئاشتى و ئارامى له‌ سايه‌ى ده‌وڵه‌تى ئه‌واندا بژين و هه‌ندێك گرته‌ى ڤيديۆى داعش ئه‌وه‌يان ده‌رده‌خست كه‌ چه‌كداره‌كان له‌ خۆشى و كه‌يف و سه‌فادا ده‌ژين.

ئه‌و چه‌كدارانه‌ى داعش كه‌ له‌ خۆرئاواوه‌ روويانكردبووه‌ ناو داعش، له‌ هه‌ژماره‌كانى خۆيان له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى تويته‌ر وێنه‌ى خانووى گه‌وره‌، ئۆتۆمبێلى گرانبه‌ها و مه‌له‌وانگه‌ و گه‌رماوى تايبه‌تيان بڵاوده‌كرده‌وه‌، كه‌ داعش بۆى ده‌سته‌به‌ر كردبوون.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌: داعش سه‌ركه‌وتووانه‌ بڕواى به‌ زۆر گه‌نج هێنابوو، به‌وه‌ى له‌ سووريا سته‌مێكى زۆر له‌ سوننه‌ ئاينزاكان ده‌كرێت و واشى له‌ ژماره‌يه‌ك گه‌نج كردبوو هه‌ست به‌ به‌رپرسيارێتى به‌رامبه‌ر سوننه‌كانى سووريا بكه‌ن، ئه‌وه‌ش له‌ رێى قوڵكردنه‌وه‌ى هه‌ست و گيانى برايه‌تى نێوان چه‌كداره‌كانى له‌ رێى پابه‌ندييه‌ ئاينييه‌كانه‌وه‌.

هارى سارڤۆ، ئێستا نيشته‌جێى بريتانيايه‌ و ئه‌و له‌ 2015دا بۆ ماوه‌ى سێ مانگ له‌ ريزى داعشدا بووه‌ و رۆژنامه‌ى ئيندپێندنتى بريتانى چاوپێكه‌وتنى له‌گه‌ڵدا ئه‌نجامداوه‌.

له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا هارى باسى ئه‌زموونى خۆى و ئه‌و فشاره‌ ئه‌منيى و گێچه‌ڵه‌ به‌رده‌وامانه‌ى كردووه‌ كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى پێى كراوه‌ و ئه‌وه‌ش ناچاريكردووه‌ بڕيار بدات رووبكاته‌ سووريا.

ئه‌و ده‌ڵێت: هاوڕێيه‌كم پێى وتم كه‌ ئه‌و فشار و گێچه‌ڵه‌ ئه‌منيانه‌ هيچ نيين، جگه‌ له‌ ئه‌نجامى سرووشتى ژيانى كه‌سێكى مووسڵمان له‌ خۆرئاوادا، به‌ تايبه‌تيش له‌ ئه‌ڵمانيا.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، هاوڕێكه‌م ئه‌وه‌شى پێ وتم: تۆ كه‌سێكى موسڵمانى، ره‌شپێستى، هاوسه‌ره‌كه‌ت موحه‌جه‌به‌يه‌، ئيدى چاوه‌ڕێى چى ده‌كه‌يت له‌م كۆمه‌ڵگه‌يه‌ به‌رامبه‌رت ئه‌نجامبدرێت؟، ئه‌وان بڕوايان وايه‌ تۆ كه‌سێكى تيرۆريستى و خوێناويت، هه‌ربۆيه‌ له‌سه‌رته‌ هه‌تا زووه‌ سه‌فه‌ر بكه‌يت و بچيته‌ سووريا و له‌وێش په‌يوه‌ندى به‌ داعشه‌وه‌ بكه‌يت و ژيانت له‌وێ به‌سه‌ر به‌ريت وه‌ك كه‌سێكى موسڵمان و له‌ ئاشتى و ئاراميدا بيت و مافه‌كانت پارێزراو بن و ئيدى ئێره‌ شوێنى ژيانى تۆى تێدا نابێته‌وه‌.

ترسى ئه‌منى

راپۆرتى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان مه‌ترسى ئه‌وه‌ى خستووه‌ته‌ڕوو، كه‌ داعش ستراتيژێكى نوێ په‌يڕه‌و ده‌كات و وانه‌ و په‌ندى له‌ بۆمبابارانى ئاسمانى وه‌رگرتووه‌ و هه‌وڵده‌دات له‌ پاڵ بڵاوكردنه‌وه‌ى وێنه‌ى منداڵانى كوژراو بانگه‌شه‌ بۆ ئه‌نجامدانى هێرشى تيرۆريستى بكات له‌ ئاستى جيهاندا و له‌و رێگه‌يه‌شه‌وه‌ ده‌يه‌وێت لايه‌نگرانى له‌ وڵاته‌كانى خۆيان بمێننه‌وه‌ و كار بۆ داعش بكه‌ن.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه‌ كراوه‌، كه‌ ژماره‌يه‌ك له‌ چه‌كداره‌ بيانييه‌كان له‌ سووريا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ وڵاتانى ئه‌وروپا، به‌ تايبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى هه‌ستيان به‌ بێهيواييه‌كى گه‌وره‌ كردووه‌ به‌ هۆى په‌يوه‌ستبوونيان به‌ داعشه‌وه‌ و له‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌ى سوورياشدا هه‌ستيان به‌ غه‌ريبى كردووه‌ و ژماره‌يه‌كى زۆرى هاوڕێ و دۆسته‌كانيان كوژراون و كه‌سوكاريشيان داواى گه‌ڕانه‌وه‌يان لێده‌كه‌ن.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان داواى هاوكارى سه‌رجه‌م وڵاتانى جيهان كردووه‌، كه‌ كار بكه‌ن بۆ باشكردنى به‌رنامه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر بۆ ئه‌وه‌ى هاووڵاتيانيان ناچار نه‌بن په‌يوه‌ندى بكه‌ن به‌ داعش يان گرووپه‌ تيرۆريستييه‌كانى ديكه‌وه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا ژماره‌ى چه‌كداره‌ بيانييه‌كانى ريزى داعش به‌ 25 هه‌زار چه‌كدار له‌ 100 وڵاتى جياجياوه‌ مه‌زنده‌ كراوه‌.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدايه‌ نيگه‌رانييه‌كى جيهانى له‌ ئاست په‌ره‌سه‌ندنى رووداوه‌ چه‌كدارييه‌كان له‌ وڵاتانى جيهاندا له‌ ئارادايه‌.

هۆشدارى بۆ حكومه‌تى وڵاتان

راپۆرته‌كه‌ هۆشدارى داوه‌ته‌ حكومه‌تى وڵاتانى جيهان بۆ ئه‌وه‌ى به‌ هه‌مان ئه‌ندازه‌ى چوونيه‌ك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سانى سه‌ر به‌ داعش نه‌كه‌ن، چونكه‌ مه‌رج نييه‌ هه‌موويان وه‌ك يه‌ك هه‌مان ئاستى هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييان لێبكرێت و ره‌نگه‌ مامه‌ڵه‌ى توند له‌گه‌ڵ كه‌سانێك كه‌ مه‌ترسييان كه‌مه‌ سه‌ر بكێشێت بۆ گۆڕينى ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ كه‌سى زۆر مه‌ترسيدار.

ئاماده‌كارانى راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێن: هه‌ندێك له‌و چه‌كدارانه‌ى وازيان له‌ داعش هێناوه‌ ده‌كرێت سه‌كۆيه‌ك بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بيرى توندڕه‌وى و تيرۆريستى پێكبهێنن و پێويسته‌ حكومه‌ته‌كان جياوازى بكه‌ن له‌ نێوان ئه‌و كه‌سانه‌ى زۆر مه‌ترسييان هه‌يه‌ و ئه‌وانه‌ى ده‌كرێت متمانه‌يان پێبكرێت و هاوكار بن بۆ ئاشكراكردنى زانيارى زۆرتر له‌ باره‌ى داعشه‌وه‌.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا راپۆرته‌كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ پێويسته‌ ئه‌و پاڵنه‌رانه‌ و ئيراده‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ كه‌م سه‌ير نه‌كرێت كه‌ ويستوويانه‌ بچنه‌ سووريا، به‌ڵام شكستيانهێناوه‌.

 و:ئ.ه