ئەنجوومەنی پارێزگا لە بۆنە ناخۆشەكەی ھەولێر دەكۆڵێتەوە
K24 - ھەولێر
ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر لە كۆبوونەوەدایە بۆ لێكۆڵینەوە لەو بۆنە ناخۆشەی ماوەیەكە ھاووڵاتیانی ژمارەیەك گەڕەكی ھەولێری ھەراسان كردووە.
عەبدورەحمان موھەندیس، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بە كوردستان24 راگەیاند: "ھەرسێ لیژنەی كشتوكاڵ و وزەو سامەنە سروشتیەكان و تەندروستی و ژینگە لە ئەنجوومەنی پارێزگا لەسەر رەخنە و سكاڵای ھاووڵاتیان كە لە پیسبوونی ژینگەی ھەولێر دەكرێت، لە بەدواداچوونمان بۆمان دەركەوتووە زۆر لەو پاڵاوگانەی لە دەوروبەری ھەولێر ھەن نا یاسایین و ئەو بەرھەمەی لە نەوتی خاو بەكاری دەھێنن ستاندار نییە".
گوتیشی: "بۆ ئەم مەبەستە ئەمڕۆ ھەر یەك لە قایمقامی سەنتەری ھەولێر و دەشتی ھەولێر و بەڕێوەبەرانی پۆلیسی شەمامك و قوشتەپە و لیژنەی چاودێری تەندروستی لە قایمقامیەت بانگێشتی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر كراون، دەمانەوێت روونكردنەوەمان لەسەر ئەو بۆن و دووكەڵە پێبدەن".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "زیاتر لە 120 پاڵاوگەی نا یاسایی لە سنووری ھەولێر ھەیە، ھەندێكیان داخراون، بەڵام چونكە چاودێری پێویست نییە دوای ماوەیەك دەست دەكەنەوە بەكاركردن".
راشیگەیاند: "ناتوانین بڵێین 100% ھۆكاری ئەو بۆنە ناخۆشە پاڵاوگەكانن، چونكە زیاتر لە 700 موەلیدەی ئەھلی لە ھەولێر ھەیە و گازوایلی خراپ بەكاردەھێنن و دەبێتە دووكەڵ، ھەروەھا چەند كارگەیەك لەناوچەی پیشەسازی ھەیە بەھەمان شێوە دووكەڵی ھەیە و دووكەڵەشی بۆندارە و زیانی بۆسەر تەندروستی ھاووڵاتیان ھەیە".