گرته ڤیدیۆییه‌كی نوێی "بووكه ئه‌ڵمانییه‌كه‌ی داعش" بڵاوده‌بێته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی نوێی ساتی ده‌ستگیركردنی لیندا وێنزل، ته‌مه‌ن 16 ساڵ، كه به كچه قه‌ناس به‌ده‌سته‌كه‌ی داعش ناسرابوو، بڵاوده‌بێته‌وه.
رۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یلی به‌ریتانی بڵاویكردووه‌ته‌وه، له ساتی ده‌ستگیركردنی لیندا، به سووكی بریندار بووه، منداڵێكی ساوای پێبووه و له دوایین شوێنه‌كانی مووسڵ بووه كه له ده‌ستی داعشدا مابوون و داوای یارمه‌تی ده‌كرد.
لیندا به میدیا ئه‌ڵمانییه‌كانیه‌كانی راگه‌یاندووه، ئه‌و له په‌یوه‌ندیكردن به رێكخراوی داعش په‌شیمان بووه‌ته‌وه و هه‌ر زوو ویستوویه‌تی بگه‌ڕێته‌وه وڵاته‌كه‌ی، به‌ڵام رێگه‌یان نه‌داوه.
له ئێستاشدا حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا، له‌گه‌ڵ عێراق له گفتوگۆدایه بۆ ئه‌وه‌ی به فه‌رمی لیندا راده‌ستی ئه‌وان بكریته‌وه، هه‌رچه‌نده ئه‌و كچه وه‌ك قه‌ناس به‌ده‌ستی داعش له‌لایه‌ن میدیا عێراقییه‌كانه‌وه ناو ده‌برا، به‌ڵام تا ئێستا روون نییه چ رۆڵێكی هه‌بووه له‌ریزی چه‌كدارانی داعش.
لیندا سه‌ره‌تا چووه‌ته ئیستانبول و له‌وێوه هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ چه‌كدارێكی داعش كردووه كه له بنه‌ڕه‌تدا چیچانییه، دواتریش ئه‌و چه‌كداره له ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ كوژراوه.
رینیه، ته‌مه‌ن 52 ساڵ، باوكی لیندا بۆ رۆژنامه به‌ریتانییه‌كه ده‌ڵێت: "من سه‌رقاڵی بۆیه‌كردنی رێگه‌وبان بووم كاتێك گوێبیستی ئه‌وه بووم كچه‌كه‌م هێشتا زیندووه".
رینیه له یه‌كێك له كۆمپانیاكانی بنیاتنان كرێكاره و به رۆژنامه‌ی بیڵدی ئه‌ڵمانی راگه‌یاند: "كه له رادیۆ گوێم لێ‌بوو به زیندووی ده‌ستگیركراوه، ده‌ستبه‌رداری كاره‌كه‌م بووم و چوومه نووسینگه‌ی پۆلیس".
باوكی لیندا كه وێنه‌یه‌كی كچه‌كه‌ی هه‌ڵگرتووه، ده‌ڵێت: "من كچه‌كه‌مم ناسییه‌وه له رێگه‌ی نیشانه‌یه‌ك له‌سه‌ر برۆكانی، ئه‌و تاكه كچی من بوو، له‌وه‌ته‌ی ئه‌ڵمانیای جێهیشتووه نه‌مبینیوه".
وه‌ك باوكیشی ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، ئه‌و كۆپییه‌كی تكیتی گه‌ڕانه‌وه‌ی كچه‌كه‌ی بینیوه كه مانگی 3 نیازی گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌بووه، به‌ڵام رێكخراوی داعش رێگه‌یان پێنه‌داوه بگه‌ڕێته‌وه.
گرته ڤیدیۆییه‌كه له كاتی ده‌ستگیركردنی لیندا به مۆبایلی سه‌ربازان تۆماركراوه و بڵاوكراوه‌ته‌وه.