ئه‌ڵمانیا "پیاوی یه‌كه‌می داعش" دادگایی ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
دادگای باڵای شاری سیلی، له ویلایه‌تی "ساكسۆنی" ئه‌ڵمانیا، رۆژی 19ی ئه‌یلوولی داهاتووی وه‌كو واده‌ی دادگایی كردنی "ئه‌بو وه‌لا"ی عێراقی و چوار له یاریده‌ده‌رانی، به تۆمه‌تی ئه‌ندامێتیان له رێكخراوی تیرۆریستی داعش، دیاریكردووه.
ناوی راسته‌قینه‌ی "ئه‌بو وه‌لا"، ئه‌حمه‌د عه‌بدولعه‌زیزه و ته‌مه‌نی 33 ساڵه، له‌م دوو ساڵه‌ی دوایی به هۆی چالاكییه‌كانی وه‌كو بانگخوازێكی توندڕه‌و، چه‌ندین نازناوی دراوه‌ته پاڵ، هاوبیرانی به "شێخ" و وه‌زیری ناوخۆی ویلایه‌تی راینی ئه‌ڵمانیا به "هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ی ترسناك" و رۆژنامه‌كانی ئه‌ڵمانیاش به "بانگخوازی تیرۆر" وه‌سفی ده‌كه‌ن.
هه‌رچی دادگای باڵای ئه‌و وڵاته‌یه، به "پیاوی یه‌كه‌می داعش" له ئه‌ڵمانیا وه‌سفی ده‌كات و له كۆنووسی دادگاشدا، هه‌ر ئه‌و نازناوه‌ی داوه‌ته پاڵ.
دادگای ئه‌ڵمانیا، ئه‌و پیاوه عێراقییه‌ی به‌وه تۆمه‌تبار كردووه، كه گه‌نجانی موسڵمانی له ئه‌ڵمانیاوه ناردووه‌ته‌وه ناو ریزه‌كانی داعش و چه‌كداری بۆ رێكخراوه‌كه كۆكردووه‌ته‌وه.
هاوكات ئاماده‌كاری بۆ نانه‌وه‌ی ئاژاوه و پشێویشی دراوه‌ته پاڵ له‌لایه‌ن دادگا و ئاشكرای ده‌كه‌ن، پلانه‌كه‌ی "ئه‌بو وه‌لا"، هه‌ڕه‌شه‌ی راسته‌وخۆ بووه له‌سه‌ر ئاسایشی نیشتمانی ئه‌ڵمانیا.
وه‌ك له ناوه‌ڕۆكی كۆنووسه‌كه‌ی دادگا ئاماژه‌ی بۆ كراوه، "ئه‌بو وه‌لا" چه‌ند جارێك به نهێنی سه‌ردانی عێراقی كردووه و له ریزه‌كانی رێكخراوی داعش جه‌نگاوه، له‌گه‌ڵ ئه‌بو وه‌لا، چوار كه‌سی دیكه له یاریده‌ده‌رانی دادگایی ده‌كرێن، ئه‌وانیش "حه‌سه‌ن س."ی تورك له دۆرتمۆند، "بۆبان س."ی ئه‌ڵمانی سربی له دویسبۆرگ، "مه‌حموود و." ئه‌ڵمانی، "ئه‌حمه‌د ف. ی." كامیرۆنی له هیلدسهایم.
دادگای ئه‌و وڵاته ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، ئه‌بو وه‌لا، كه زۆرجار وه‌ك "پیاوی یه‌كه‌می داعش" له ئه‌ڵمانیا وه‌سف ده‌كرێت، په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای داعشه‌وه هه‌بووه و زۆربه‌ی هه‌ره زۆری گه‌نجانی ئه‌ڵمانیا له رێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌وه‌وه چوونه‌ته عێراق و سووریا و له ریزی چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه جه‌نگاون.
وه‌ك دادگا ئاماژه‌ی بۆ كردووه، هیچ كه‌سێكی ئه‌ڵمانی نه‌یتوانیوه بچێته ریزه‌كانی داعش، ته‌نها به دوو جۆر نه‌بێت، یا به ره‌زامه‌ندی "ئه‌بو وه‌لا"، یان پاڵپشتی كردنی له‌لایه‌ن دوو چه‌كداری داعش له عێراق و سووریا.
ئه‌بو وه‌لا ماوه‌ی نۆ مانگه ده‌ستگیركراوه، دوای ئه‌وه‌ی له یه‌كێك له قوتابخانه نهێنییه‌كانی شاری كاسلی ویلایه‌تی هیسنی ئه‌ڵمانیا وتاری داوه و تێیدا "ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی" به خه‌لیفه‌ی خۆیان ناساندووه، هه‌روه‌ها وێنه‌ی منداڵه‌كه‌ی به‌ناوی عه‌لی 3 ساڵان، به جلوبه‌رگ و درووشمه‌كانی داعش بڵاوكردووه‌ته‌وه.
قوتابخانه نهێنییه‌كانی ئه‌بو وه‌لا له ئه‌ڵمانیا، هه‌ر جارێك گرووپێكی 7 بۆ 10 كه‌سی ناردووه‌ته ناو داعش، كه مێردمنداڵی 14ی ساڵیشی تێدا بووه، ئه‌نیس عامری، تیرۆریستی تونسیش یه‌كێك بووه له قوتابییه‌كانی ئه‌بو وه‌لا، كه رۆژی 19ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2016، به بارهه‌ڵگرێك هێرشی كرده سه‌ر بازاڕی جه‌ژن له به‌رلین و 12 كه‌سی كوشت.
ئه‌بو وه‌لا، له رێگه‌ی ئه‌ندامبوونی پۆلیسێكی نهێنی ئه‌ڵمانیاوه ئاشكرا بووه، دوای ئه‌وه‌ی توانیویه‌تی رێكخستنه‌كانی "شێخ" ببڕێت و په‌یوه‌ندی به یه‌كێك له قوتابخانه نهێنییه‌كانه‌وه بكات.