لە ئیستانبوڵ باوکێك دوو کوڕی خۆی کوشت و یەکێکی دیکەشی بریندار کرد

لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستی پێكردووە

K24 - ئیستانبوڵ

شەوی رابردوو لە ئیستانبوڵ بەهۆی دەمەقاڵی، باوکێك دووکوڕی خۆی کوشت و کورێکی دیکەشی بریندار کرد.

 پەیامنێری كوردستان24 لە ئیستانبوڵ رایگەیاند: "رووداوەکە لە گەڕەکی ئوسکوداری شاری ئیستانبوڵ روویدا، تائێستا هیچ زانیاریەك ئاشکرا نەبووە کە  سەمەقاڵەی باوك و كوڕەكان لەسەر چی بووە".

بەگوتەی شایەدحاڵەکان، باوکەکە بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر کوڕەکانی و سەرەتای رووداوەکەش بە دەمەقاڵی دەستیپێکردووە و دوای هاوار و دەنگەدەنگیان،  دراوسێکانیان، بۆ  فریاکەوتنیان، چوونەتە شوێنێ رووداوەکە، پاشان خوێنێکی زۆر و  تەرمی دوو لە کوڕە کوژراوەکانیان لەسەر  زەوی بینیووە.

 بەیانی ئەمڕۆ تیمەکانی پۆلیسی ئیستانبوڵ دەستیان بەگەڕان و بەدواداچوون  بۆ دۆزینەوەی بکوژی ئەو کوڕانە کردووە. باوکی کوڕە کوژرانیش بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتووە.

کوڕی سێیەمی ئەو خێزانەش دوای ئەوەی لەلایەن باوكی بریندار دەكرێت، پۆلیس بەبریندار وتەی لێوەرگرتووە، دواتر رەوانەی نەخۆشخانەیەکی شاری  ئیستانبوڵ کرا.

بە گوێرەی ئامارەكان، لە تورکیا بەگشتی و ئیستانبوڵ بەتایبەتی،  رووداوی کوشتن و تاوانی کۆمەڵایەتی، ساڵ لە دوای ساڵ رووی لە هەڵکشان دایە،  ساڵانە بەسەدان کەس بە رووداوی جیاجیا دەکوژرێن.

 بەپێی دوایین ئاماری، لەساڵی 2016 تەنیا لە رێگای بەکارهێنانی  چەک 2 ھەزار و  720  تاوانی کۆمەڵایەتی روویداوە و لەنێوانیادا 2056 کەس لە رێگای چەکەوە کوژراوە و 961  کەسی دیکەش برینداربوونە.

ئا: كامەران حاجی عومەر

لە ئیستانبوڵ باوکێك دوو کوڕی خۆی کوشت و یەکێکی دیکەشی بریندار کرد
لە ئیستانبوڵ باوکێك دوو کوڕی خۆی کوشت و یەکێکی دیکەشی بریندار کرد
لە ئیستانبوڵ باوکێك دوو کوڕی خۆی کوشت و یەکێکی دیکەشی بریندار کرد