كوڕی پێشه‌وا قازی وەسیەتنامەكەی باوكی ئاشكرا دەكات

"ھەرچی لە دەستان دێت بۆ ئازادی كوردستان بیكەن"

K24 - ھەولێر

عەلی قازی، کوڕی پێشەوا قازی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا پشتیوانی خۆی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان راگەیاند و داوای لە گەلی کوردستان کرد، رۆژی 25 ئەیلوولی داهاتوو بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بە بەڵێ دەنگ بە ریفراندۆم بدەن.

کوڕی پێشەوا قازی، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات دەرفەتێك لەبەردەم كوردە بۆ ئەوەی كوردستان سەربەخۆ بێت، بۆیە ئەركی ھەموو كوردێكە ھەوڵ بۆ سەرخستنی ریفراندۆم بدات، بۆ ئەوەی كوردستان سەربەخۆ بێت.

راشیگەیاند: "وەك كوڕی قازی محەمەد، ئامادەم گیانی خۆم لەپێناو سەربەخۆیی بە كوردستان ببەخشم".

ھەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا عەلی قازی، وەسیەتێكی پێشەوا قازی باوكی ئاشكرا كرد كە لەسەرە مەرگیدا نووسراوە، لەو وەسیەتنامەدا قازی محەمەد، داوا لە گەلی كورد دەكات دژایەتی یەكتر نەكەن و یەكگرتووبن لەبەرامبەر دوژمنان، بەمشێوەیە دەتوانن سەركەوتووبن.

پێشەوا قازی، لە وەستنامەكەیدا دەڵێ، ئاگاداربن ھەرگیز دوژمنان فریوتان نەدەن و بە لەناوچوونی ئێمە مەترسن و بەردەوام بن تا دەگەن بە مافەكانتان، ھیوادارم مەرگی من ببێتە وانەیەك بۆ ھەموو گەلی كورد، ھەرچی لە دەستان دێت بۆ ئازادی كوردستان بیكەن و یەكگرتنتان رەمزی سەركەوتنە و بەردەوام بن لە شۆڕش تا سەردەكەون.