سه‌رۆك بارزانى: پێشمەرگە پارێزەری پێکەوەژیان دەبێت

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى عه‌شيره‌تى شه‌ممه‌ر كرد

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ سه‌لاحه‌دين پێشوازى له‌ كه‌سايه‌تى ديارى هۆزى شه‌ممه‌ر شێخ ئەنوەر ئەحمەد عەجیل ئەلیاوەر و شاندێكى ياوه‌رى كرد و رايگه‌ياند، له‌ ئێستا و داهاتووشدا پێشمه‌رگه‌ پارێزه‌رى ئه‌و گيانى پێكه‌وه‌ژيان و ئارامييه‌ ده‌بێت كه‌ به‌ديهێناوه‌.

ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، له‌ ديداره‌كه‌دا، شێخ ئەنوەر بەناوی خۆی و هۆزی شەممەرەوە سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان کرد کە رووبەڕووی تیرۆریستان وەستانەوە و داعشیان تێکشکاند.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: بەتایبەتییش پێزانینیان هەبوو بۆ رۆڵی پێشمەرگە لە ئازادکردنی ناوچەکانی رۆژئاوای رووباری دیجلە و ئەو رێز و حورمەتەی لەلایەن پێشمەرگەوە لە دانیشتوانی ناوچەکە گیرا و ئەوەیان بە نیشانەی ڕەوشتی بەرز لەقەڵەم دا کە هەمیشە گەلی کوردستان و سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە و پێی ناسراون. پێزانینی زۆریشیان هەبوو بۆ گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ حەواندنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و لێقەوماوان و رایانگەیاند، ئەو جوامێرییەی گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەرگیز لەیاد ناکەین.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌ى سه‌رۆكايه‌تيدا هاتووه‌: شانده‌كه‌ جەختیان لە پەیوەندیی لەمێژینە و برایانەی گەلی کوردستان و هۆزی شەممەر کردەوە و پشتیوانیی خۆیان بۆ سیاسەت و هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی کوردستان دووپات کردەوە و تەئکیدیشیان لە هاوچارەنووسیی خۆیان و گەلی کوردستان کردەوە.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستى سه‌رۆك بارزانى، سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، لە بەرامبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانیان، سوپاسی شێخ ئەنوەر و شاندی یاوەری کرد و و جەختی لەسەر تەبایی و برایەتیی نێوان كورد و ئەو عەرەبانە كردەوە كە بڕوایان بە پێكەوەژیان هەیە و دەستیان لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا نەبووە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپات كردەوە كە ئەوەی پێشمەرگە و گەلی کوردستان ئەنجامیان داوە ئەرکێکی مرۆیی و نیشتیمانییە و پێشمەرگەی کوردستان لەپێناو پاراستنی ئازادیخوازاندا قوربانیی داوە و ئێستا و داهاتووش پێشمەرگە پارێزەری ئەو پێکەوەژیانە دەبێت.