پێش نێیمار چووم بۆ پاریس!

"لە نێوان چوونی من و نێیمار بۆ پاریس ئەم جیاوازییانە هەبوون"

زاگرۆس نانەكەلی

ئەم نووسینەم بەروارد نییە لە نێوان من و نێیمار، من میدیاكارێكی وەرزشیم لە كوردستان و نێیماریش وەرزشكارێكی نێودەوڵەتییە، ئەوەی مەبەستمە ئێستای سەرلێشێواوی میدیای وەرزشی كوردییە، هۆكارەكەشی روونە كە بە میزاج و ناپڕۆفیشناڵی كارەكان مەیسەر دەكەن، وەكو ئەوەی بڵێی بە ملیان داهاتووە و دەبێت بەخۆشی و بە ترشی بێت بیكەین.

من پێش نێیمار چووم بۆ پاریس!، لە كۆتایی نێیماریش چوو بۆ پاریس، من میدیاكارێكی وەرزشی كوردی و نێیمار یاریزانێكی بەرازیلی كە چەقی كێشەكەمان پاریسە، بەڵام دوو ئاراستەی جیاواز، میدیاكار و وەرزشكار، بەڕاستی ئەو ماوەیەی هەواڵی نێیمار لەلای میدیاكارانی وەرزشی كوردستان بەڕادەیەك گرنگی پێدرا هەروەكو كورد دەڵێ (كوچك لە ئاگری گەرم ترە)، ئەمەش بەهۆی چەند هۆكارێكی سادە بوو.

 ئەو ماوەیە هیچ چالاكی وەرزشی و خولەكانی جیهان لە ئارادا نەبووبێت، پاشان ركابەریی هەواداران و هاندەران و میدیاكارانی یانەكان كە هەندێك پێیان ناخۆش بوو، هەندێكیش بەپێچەوانەوە پێی دڵخۆش بوون كە نێیمار چووەتە یانە پاریسییەكە، هەندێك هەواڵەكەی بەو مەبەستە دادەبەزاند گوایە ئاگاداری گۆڕانكاریی و پێشهات و رووداوە خێرا و بە پەلەكانی جیهانە، هەندێك بە رۆشنبیری گشتی دەزانی، بەشێك شەڕی ساردی لەگەڵ هاوڕێكانی پێ ئەنجام دەدا، هەندێكیش لە دابەزاندن و بڵاوكردنەوەی هەواڵەكەدا دڵگرانی خۆی نیشاندەدا!، ژمارەیەك هێندە بەگرنگی وەرگرتبوو ئینتیما و مینتیمای نیشتیمانی لەبیر چووبووەوە!، هاوكێشەكەش ئەوەبوو یاریزانێكی بەرازیلی لەئیسپانیاوە چووەتە فەرەنسا، بەڵام لە كوردستان هەروەكو جاران بووبوون بەدوو بەرە، لای هەندێك ئاهەنگ و هەندێكی تریش ماتەم!. *

سەرەنجام/ لە نێوان چوونی من و نێیمار بۆ پاریس ئەم جیاوازییانە هەبوون:

نێیمار یاریزانی بەرازیلییە، زاگرۆس میدیاكارێكی وەرزشی كوردییە.

 زاگرۆس رۆژی 4-7-2017 چووم بۆ پاریس، نێیمار رۆژی 4-8-2017 چوو بۆ پاریس.

ـ نێیمار بۆ پێنج وەرز مانەوە لە یانەكەی پاریس، بڕی 222 ملیۆن دۆلاری وەرگرت، زاگرۆس بۆ پێنج رۆژ مانەوە لەشاری پاریس 22 گەڵای خەرج كرد.

ـ نێیمار بە فڕۆكەیەكی تایبەت گەشتی پاریسی كرد، فڕۆكەكەی ئێمەش دەتگوت بە دارلاستیك لێیان داوە، تۆزێكی مابوو بكەویتە ناو دەریا.

ـ نێیمار بۆ تۆپی زێڕین و نمایشە جادووییەكانی خۆی چووە پاریس، منیش بۆ سیمینارێكی میدیای وەرزشی تا وڵاتەكەم زیاتر بناسێنم.

ـ نێیمار پاریس لەپێشوازی خۆی و خانەوادەكەی دابوو، منیش بۆ ناسینی میدیای وەرزشی كوردی چووم لە كوردستان (300) دۆلار كرێی نیوەی كتێبەكانیان لێ وەرگرتم، ئەگەر هەموو كتێبەكانم ببردبووایە، دەبوو (714) دۆلار بدەم بێگومان لە گیرفانی خۆم.

ـ نێیمار لە كوردستان زیاتر 50 دەزگای راگەیاندنی وەرزشی و ناوەرزشی لە خزمەتی دابوون و هەموویانی بەخۆی سەرقاڵ كردبوو.

ـ منیش لەوانەیە (5) دەزگا بەخێری خۆیان هەواڵەكەیان بڵاوكردمەوە.

ـ نێیمار چووە پاریس ئیسراحەتی كرد و سەرمان سووك بوو، كێ ناڵێ ئێستا پڕوپاگەندەیان ئەوەشیان نەكردووە كەچوونی نێیمار بۆ پاریس لەبن سەری زاگرۆس نانەكەلییە.!

ئەمەش چیرۆكی راستەقینەی زاگرۆس و نێیمار بوو بۆ پاریس، خوایە وەتەن ئاواكەی چەند دڵگیر و شیرینە!.

نێیمار دا سیلڤا، ئه‌ستێره‌ی نوێی یانه‌ی پاریس سانجێرمان
نێیمار دا سیلڤا، ئه‌ستێره‌ی نوێی یانه‌ی پاریس سانجێرمان