هه‌واڵێكی ناخۆش له لیڤه‌رپووله‌وه بۆ بارسێلۆنا
یانه‌ی لیڤه‌رپوول به فه‌رمی پێكهاته‌ی یانه‌كه‌ی بۆ یارییه‌كانی پاڵاوتنی چامپیۆنزلیگ راگه‌یاند، كه تێیدا ناوی كۆتینهۆ له لیستی یاریزانه بانگهێشتكراوه‌كانه.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، 10 ئابی 2017، یۆرگن كلۆپ راهێنه‌ری لیڤه‌رپوول به فه‌رمی بۆ یارییه‌كه‌ی هه‌فته‌ی داهاتووی به‌رامبه‌ر یانه‌ی هۆفینهایم بانگهێشتی 30 یاریزانی كردووه كه له نێویاندا ناوی فلیپی كۆتینهۆ ده‌بینرێت، له كاتێكدا هێرشبه‌ره به‌رازیلییه‌كه تازه له پێكان گه‌ڕاوه‌ته‌وه و له لایه‌ن یانه‌ی بارسێلۆناش داوا كراوه.
به پێی یاسایه‌كانی خولی یانه پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌ورووپا، ئه‌گه‌ر بێت و كۆتینهۆ به‌شداریی هه‌ر یارییه‌كی قۆناخی پاڵاوتنه‌كانی چامپیۆنزلیگ بكات، له ئه‌گه‌ری گواستنه‌وه‌شی بۆ بارسێلۆنا، یاریزانه به‌رازیلییه‌كه له یاریكردن له چامپیۆنزلیگی ئه‌م وه‌رزه بێبه‌ش ده‌بێت.
له میانی یارییه‌كانی قۆناخی پاڵاوتنه‌كانی چامپیۆنزلی یانه‌ی لیڤه‌رپوول رۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو له ئه‌ڵمانیا ده‌بێته میوانی یانه‌ی هۆفینهایم، دواتر له رۆژی 23ـی ئه‌م مانگه یاری گه‌ڕانه‌وه له یاریگه‌ی ئانفیڵد به‌رامبه‌ر هه‌مان یانه ئه‌نجام ده‌دات.