ليوايه‌كى ديكه‌ى حه‌شدى شه‌عبى له‌ كه‌ركووك پێكهێنرا

ئامانجى به‌شداريكردنه‌ له‌ شه‌ڕى حه‌ويجه‌

K24 – هه‌ولێر:

له‌ سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك ليوايه‌كى ديكه‌ بۆ ميليشياكانى حه‌شدى شه‌عبى پێكده‌هێنرێت.

گوته‌بێژى ليواكه‌، نه‌قيب قه‌حتان جومه‌يلى رايگه‌ياند، ره‌زامه‌ندى دراوه‌ له‌سه‌ر پێكهێنانى ليوايه‌كى ديكه‌ى حه‌شدى شه‌عبى به‌ ناوى ليواى دووى كه‌ركووك.

گوتيشى: ئه‌و ليوايه‌ له‌ ژێر چاودێرى و سه‌رپه‌رشتى موتبى مه‌هدى سومه‌يده‌عى ده‌بێت.

هه‌روه‌ها گوتى: ئه‌و ليوايه‌ ده‌بێته‌ هێزى گورزوه‌شاندن له‌ پرۆسه‌ى رزگاركردنى قه‌زاى حه‌ويجه‌ كه‌ 55 كيلۆمه‌تر له‌ باشوورى خۆرئاواى كه‌ركووكه‌وه‌يه‌.

روونيشيكرده‌وه‌، تا ئێستا ناونووسى 1500 كه‌س كراوه‌ و چه‌كداره‌كان له‌سه‌ر به‌كارهێنانى چه‌كى سووك و مامناوه‌ندى راهێنانيان پێكراوه‌.

نه‌قيب قه‌حتان جومه‌يلى، باسى له‌وه‌شكرد، ئه‌و ليوايه‌ كار بۆ دانانى پلانێكى جێگره‌وه‌ ده‌كات بۆ ته‌واوكردنى پرۆسه‌ى پڕچه‌ككردنى له‌ پێناو پشتيوانيكردنى هێزه‌كانى ديكه‌ى عێراق له‌ رزگاركردنى حه‌ويجه‌دا.

روونيشيكرده‌وه‌، له‌ ليواكه‌دا ئه‌فسه‌رانى كورد و عه‌ره‌ب و توركمان هه‌ن و هه‌موو پێكهاته‌كان تێيدا به‌شدارن و فه‌وجێكى كوردى هه‌يه‌ كه‌ له‌ 250 چه‌كدار پێكهاتووه‌.