ڕێفیڕێندۆم و تێگەیشتن لە ڕێفێرێندۆم

Kurd24

لە 17ی مایسی 2016 گوتارێکم لەسەر رێفێرێندۆم نووسی، لەبەر ئەوەی ئێمە بەرەو ڕێفێرێندۆم دەچین، هەستدەکەم نووسینی یەک گوتار لەسەر پرسێكی ئەوەندە گرنگ و گەورە، بەش ناکات و دەبی زیاتر بنووسم، هەرنەبی لەبەر ئەوەی زۆر لەو نووسینانەی لە رۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردی، بەرچاوی من کەوتوون و ئەو نووسینانەی لە ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە، کە ڕەنگدانەوەی بیروبۆچوونی کۆمەڵێکی زۆری دانیشتوانی هەرێمە، دیارە، خەڵکێکی زۆر لە مانا و ناوەڕۆکی دیموکراتی نەگەیشتوون و بەزۆر دەیانەوێ لاکەی دیکە وەک ئەوان بیربکەنەوە، وەک ئەوان مامەڵەی لەگەڵ بکەن و وەک ئەوانیش لەم پرسە بگەن، لەجیاتی گفتوگۆیەکی شارستانی، ململانێیەکی توند و ناخۆش دەبینم و درۆ و بوختانیش دەبیستم.

لەراستیدا، باسکردنی ڕێفێراندۆم، دیاریکردنی رۆژی ڕێفێراندۆم و ئەنجامدانی ڕێفێراندۆم، خۆی لەخۆیدا، پرۆسەیەکی زۆر جوانی دیموکراتییە و جگە لەوەی ڕێزگرتنە لە ماف و ئەرکی هاووڵاتییانی هەرێم، خەباتێکی هەق و هێنمانە و شارستانیشە، کە هەموو لایەک وەڵامی یەک پرسیاری ئاسان وەردەگرن: کورد چۆن لە داهاتوو  دەیەوێ بژیت؟

بە ڕەوابینینی ئەو هەقە شەرعییە، هەبوونی ئەو پەنجەرە دیموکراتییە، منی گەیاندبووە ئەو بڕوایە، ئێمە بۆ ماوەی چەند مانگێک هێمن و ئارام دەژین و بە گیانێکی برایانە و یەکتر قبوڵکردن، کار بۆ یەکریزی وڵات و نیشتیمانە بریندارەکەمان دەکەین. من لەوبڕوایەدابووم، لەبەر ئەوەی لەسەر کارتی دەنگدان هەردووک وشەی: (بەڵێ) و (نەخێر) هەیە، کارناگاتە ئەوەی کەس لەکەس توڕە بێ، بەڵکو هەردووکلا هێمنانە و بەرپرسانە بەرامبەر بەو پرسە نیشتیمانییە، کار بۆ ڕازیکردن و بڕواپێکردنی یەکتر دەکەن، ئەرگومێنتی بەهێز دەهێننەوە و نووسینی تێر و قوڵ دەنووسن. من لەوبڕوایەدابووم، ئەو پرسە جوانە، هەموو لایەکمان وەک گەلێكی غەدرلێکراو، ئاشقی ئازادی، خێر لەخۆنەدیو، لەیەکتر نزیک دەکاتەوە و توڕەبوون و کێشەکانی لاوەکی خۆمان وەلا دەنێ.

دەزانم، هەندێک تێڕوانین و پێشبینینەکانم هەڵە دەرچوون، بەڵام هیچ درەنگ نییە یەک پرسیار لەخۆمان بکەین:

ئایا ئێمە لە باشووری کوردستان دەمانەوێ گەشە بەو تۆزە ئازادی و دیموکراتییەی هەیە بدەین یان ئەوەی هەیە سڕ یان ڕەشی بکەینەوە؟ ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسانە بە (بەڵێ) بێت، کەواتە دەبی قبوڵمان بێت و بزانین، هەموو کەسێک وەک یەک بیرناکاتەوە، جگە لەوە پێویستە خەڵک تێبگەێندرێ: بۆچی دەنگدان بە بەڵێ پێویستە و قازانجی کورد لەوە چییە؟ یان دەنگدان بە نەخێر بۆ کورد چی دەگەینی؟ دەبی وەڵامی دروست و تێر و بڕواپێکراو هەبن.

تا ئێستا، ژمارەیەک هاووڵاتی هەن، نازانن چۆن لە 25ی ئەیلول دەنگ بدەن و ناشزانن: ئایا لە 25ی ئەیلول لەماڵەوە دادەنیشن، یان بۆ سندوقی دەنگدان دەچن؟

نیوەی زیاتر لەو هاووڵاتییانە، دژ بە پرۆسە یان پرەنسیپی ئەنجامدانی ڕێفێراندۆم نین، بەڵکو زیاتر کێشەیان لەگەڵ کات و شێوەی بەرزکردنەوەی ئەم پرسە هەیە، کێشەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم هەیە و بۆیان ڕوون نەبۆتەوە و ناشزانن، ئەم پرسە هیچ پەیوەندی بە کەس و سەرکردە و حزب نییە و پرسێکی نیشتمانییە، چونکە مرۆڤەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام کورد وەک نەتەوە، کوردستان وەک وڵات و خاک لە شوێنی خۆیان دەمینێن. پرسێکی خەون و خەواڵوو نییە و قوربانیێکی یەکجار زۆری بۆدرایە، خەباتێکی دوورودرێژی لەپێناو کرایە، ئەمڕۆنا بەیانی دەبی کورد ئازادبیت و بژی چۆن خۆی دەیەوێ، نەک چۆن خەڵک و ئەوان دەیانەوێ.

خاڵێکی دیکەی گرنگ لەسەر ڕێفێراندۆم، لەم نووسینەم دەبی ئاماژەی پێبکەم، کە ئێمە بە بەراورد لەگەڵ میللەتانی دیکەی لێقەوما و کێشە زۆر، بەردەوام پشتیوانی زۆرمان لە دەرەوە هەبووە، زیاتر لە میدیاکانی جیهان باسکراوین، زیاتر پشتگیری لەم پرسەمان کرایە، بۆیە ئەگەر بە رەسمی حکومەتەکانیش لەبەر هەر هۆیەک پشتگیریمان نەکەن، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و هاووڵاتییان پشتگیری لە پرسی کورد دەکەن و بە سەرنجەوە چاوەڕێی 25ی ئەیلولن، لەگەڵ ئەوەش ئەوان کورد وەک میللەت سەیر دەکەن و پرسی کورد وەک کەیسێکی هەق و ڕەوا دەبینن، نەک حزب و کەسەکان، بۆیەش دڵنیان لەوەی لەم دەنگدانە، زۆرینەی خەڵک بە بەڵێ دەنگ دەدا، چونکە بیریان تیژە و خەبات و تێکۆشانی 50 ساڵەی رابردووی کوردیان لەبیر نەکردووە و وەک هەندێ کورد کورت بین و بیرکۆڵ نین.