به‌ڵگه‌كان ده‌یسه‌لمێنن كه‌ بارسێلۆنا توانای ریمۆنتادایه‌كی دیكه‌ی هه‌یه‌

هاندەرانی بارسێلۆنا بۆ ریمۆنتادایەکی دیکە چاویان لە قاچەکانی مێسییە

بارسێلۆنا بە سەرکردایەتی لیۆ مێسی چاوی لە ریمۆنتادایەکی دیکەیە و لە دوایین چوار گەشتی کەتەلۆنییەکان بۆ مەدرید بارسێلۆنا سێ گۆڵ یان زیاتری تۆمارکردووە و هاندەرانی بلاوگرانا بە خەیاڵی 18 مانگ لەمەوبەر روو لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەکەن‌.
بارسێلۆنا بە خەیاڵی ریمۆنتادا دەچێتە مەدرید، دەیەوێت لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ قەرەبووی شکستەکەی کامپ نوو بکاتەوە.

بارسێلۆنا پێویستە بە 3 گۆڵی بێبەرامبەر بباتەوە بۆ ئەوەی ببێتە پاڵه‌وانی سوپەری ئیسپانیا، ئەگەر ریال مەدریدیش گۆڵ تۆمار بکات پێویسته‌ بارسێلۆنا بە جیاوازیی دوو گۆڵ یان زیاتر سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.

لە دوایین هەشت وەرزدا بارسێلۆنا پێنج جار لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە جیاوازیی دوو گۆڵ یان زیاتر لە ریال مەدریدی بردووەتەوە و کەتەلۆنییەکان بەو ئاستە بەرزەی لەم چەند ساڵەی دواییدا لە مەدرید پێشکەشیان کردووە گەشبینن بتوانن ئەمشەو لە سوپەر کلاسیکۆ ریمۆنتادایەکی دیکە بنووسنەوە.

بلاوگرانا لە دوایین چوار گەشتی بۆ مەدرید لە سێ یارییان سێ گۆڵ یان زیاتری تۆمارکردووە، بۆیە ڤالڤێردی و یاریزانەکانی بە ئاوڕدانەوە لەم چەند ساڵەی دوایی بە قەرەبووکردنەوەی ئەنجامی یاریی چوون گەشبینتر دەبن.

دوو وەرز لەمەوبەر بارسا بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر لە ریال مەدریدی بردەوە و لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە بەردەم هاندەرانی مێرێنگی ئاهەنگی سەرکەوتنێکی مێژوویی گێڕا.

هاندەرانی بارسێلۆنا بۆ ریمۆنتادایەکی دیکە چاویان لە قاچەکانی مێسییە، لیۆ بە تۆمارکردنی شەش گۆڵ گۆڵکاری سوپەر کلاسیکۆیە، چاویان لەوەیە لیۆ سیناریۆی کلاسیۆی پار لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ دووبارە بکاتەوە و یادگاری 18 مانگ لەمەوبەر بە بیر هاندەرانی یانە کەتەلۆنییەکە بهێنێتەوە، کاتێک بارسا بە دووانەیەکی مێسی سەرکەوتنی بەدەستهێنا و لە کاتی زیادکراودا بارسا یارییه‌كه‌ی یه‌كلایی كرده‌وه‌ و درێسی خۆیشی پیشانی مەدریدییەکان دا.