له‌ دووبز حه‌وت برا و برازا شه‌هيد بوون

چه‌كدارانى داعش په‌لامارى گوندى مه‌لحه‌ى سه‌ر به‌ قه‌زاى دووبزيان دا

K24 – دووبز:

به‌ره‌به‌يانى ئه‌مڕۆ چه‌كدارانى داعش په‌لامارى گوندى مه‌لحه‌ى سه‌ر به‌ قه‌زاى دووبزيان دا و له‌ ئاكامى ئه‌و په‌لاماره‌دا حه‌وت هاووڵاتى كه‌ سه‌رجه‌ميان برا و برازاى يه‌كدى بوون شه‌هيد بوون.

له‌ لێدوانێكدا بۆ كوردستان 24، نه‌قيب عه‌لى مه‌حموود له‌ ئاسايشى دووبز رايگه‌ياند، له‌ ئاكامى په‌لاماره‌كه‌دا چه‌كدارانى داعش، موقه‌ده‌م فه‌رحان حه‌مه‌د زرگان ئه‌فسه‌رى پۆليسى دووبز و پێنج كوڕ و دوو برازايان رفاندووه‌ و پێنج كوڕه‌كه‌يان سه‌ربڕيوه‌.

گوتيشى: ته‌رمى كوڕ و برازاكه‌ى موقه‌ده‌م فه‌رحان له‌ نزيك گونده‌كه‌ به‌جێهێڵراوه‌ و هێزى پێشمه‌رگه‌كه‌ش راوه‌دووى چه‌كداره‌كانى داعشيان ناوه‌ و توانيويانه‌ موقه‌ده‌م فه‌رحان له‌ ده‌ستى چه‌كداره‌كان رزگار بكه‌ن.

ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، له‌ ئاكامى پێكدادانى پێشمه‌رگه‌ و چه‌كدارانى داعش، دوو چه‌كدار كوژراوون و موقه‌ده‌م فه‌رحان_يش توانيويه‌تى ده‌ربازى بێت.

نه‌قيب عه‌لى مه‌حموود ئه‌وه‌شى گوت: سه‌رجه‌م شه‌هيده‌كان كوڕ و برازاى موقه‌ده‌م فه‌رحانن.

گوندى مه‌لحه‌ هه‌ڵكه‌وتووه‌ له‌ دوورى 10 كيلۆمه‌تر له‌ رۆژئاواى شارۆچكه‌ى دووبز و نزيكى كێڵگه‌ى نه‌وتى باى حه‌سه‌نه‌.

په‌لامارى چه‌كدارانى داعش بۆ سه‌ر گونده‌كانى سنوورى دووبز به‌رده‌وامه‌ و مانگێك پێش ئێستا و له‌ 18ى ته‌مموزى رابردووشدا په‌لامارى گوندى چراخ يان دا و له‌ ئاكامدا 5 هاووڵاتيان شه‌هيد كرد، كه‌ يه‌كێكيان موختارى گونده‌كه‌ بوو و ئه‌وانى ديكه‌ كه‌سوكارى بوون.

ناوى شه‌هيده‌كان:(محه‌ممه‌د فه‌رحان ئه‌لعه‌زاوى، ئه‌حمه‌د فه‌رحان ئه‌لعه‌زاوى، غه‌نى فه‌رحان ئه‌لعه‌زاوى، سه‌عد حه‌سه‌ن ئه‌لعه‌زاى، ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن ئه‌لعه‌زاوى، ئه‌ثير محه‌ممه‌د سوهێل ئه‌لعه‌زاوى، حسێن محه‌ممه‌د ئه‌لحه‌مدانى).