ڤاڵڤێردی: تا مێسی ـمان هه‌بێت، ده‌توانین به‌رگه‌ی رۆیشتنی نێیمار و پێكانی سوارێز بگرین
ڤاڵڤێردی راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا پێشه‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌یان به‌رامبه‌ر ریال بێتیس، نیگه‌رانی له دۆخی یانه‌كه‌ی ده‌رده‌بڕێت و ده‌ڵێت: له ده‌ستپێكی مانگی یه‌كه‌مم له‌گه‌ڵ بارسا، نێیمار رۆیشت و سوارێز تووشی پێكان بوو.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه، 19 ئابی 2017، له پرێس كۆنفرانسێكدا له باره‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی به‌رامبه‌ر ریال بێتیس، ئه‌رنیستۆ ڤاڵڤێردی راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا ده‌ڵێت: ئێمه ده‌مانه‌وێت سبه‌ی ده‌ست به‌سه‌ر یاریگه‌دا بگرین و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه كۆنترۆڵی یاریگه بكه‌ین.
ڤاڵڤێردی له باره‌ی پێكهاته‌كه‌ی ده‌ڵێت: هێشتا به‌شداریكردنی جیرارد پیكێ دیار نییه، پاوڵینهۆ ناوی له پێكهاته‌كه ده‌بێت، به‌ڵام دیار نییه كه له‌سه‌ره‌تاوه یاری ده‌كات.
ڤاڵڤێردی گوتیشی: به‌داخه‌وه له ده‌ستپێكی یه‌كه‌مین مانگی كاركردنم له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا، نێیمار رۆیشت و سوارێز تووشی پێكان بووه، هه‌ردووكیشیان بێگومان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر یانه‌كه دروست كردووه، به‌ڵام هه‌وڵده‌ده‌ین به‌خێرایی شوێنی ئه‌و یاریزانانه بگرینه‌وه، به‌هۆی هه‌بوونی لیۆنێل مێسی ده‌توانین به‌رگه‌ی هه‌موو بارودۆخێك بگرین.
ڤاڵڤێردی له به‌رسیڤێكدا ده‌شڵێت: مێسی له ئێستادا به سرووشتی جارانی ده‌رده‌كه‌وێت و رۆڵی به‌ستنه‌وه‌ی به‌رگریكار و هێرشبه‌ران ده‌بینێت، ئه‌و یاریزانێكی گرینگه بۆ ئێمه.
یانه‌ی بارسێلۆنا سبه‌ی یه‌كشه‌ممه له كاتژمێر 21:15 خوله‌ك، یه‌كه‌مین یاری خۆی له وه‌رزی نوێی لالیگا له نێو یاریگه‌ی كامپ نوو به‌رامبه‌ر ریال بێتیس ده‌بێت.