پارتی و گۆڕان دەگەڕێنەوە سەر مێزی دانووستان

گۆڕان: مەرجمان نییە و پڕۆژەمان ھەیە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "ئەمڕۆ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆران، بۆ تاوتوێكردنی پرسی ریفراندۆم و كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی كۆدەبنەوە".

ئەركان رەئوف، ئەندامی ژووری رۆژنامەوانی بزووتنەوەی گۆڕان بە كوردستان24 گوت: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان پارتی و گۆڕان گفتوگۆ لەبارەی ئەو 5 خاڵە دەكرێت كە پێشتر بزووتنەوەی گۆران لە راگەیەندراوێكدا بۆ چارەسەری كێشەكان رایگەیاندووە".

ئەو ھەڵسوڕاوەی گۆڕان پێیوایە: "گۆڕان مەرجی نییە بۆ چارەسەری كێشەكان، بەڵكو ئەوەی ھەیەتی پڕۆژەیە".

ھەر لەبارەی كۆبوونەوەكە مەحموود محەمەد، گوتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە: "وەک عورفی باو، لە گفتوگۆی نێوان دوو لایەندا، لە سەرەتای کۆبوونەوەدا بە رێککەوتنی هەردوو لا، گفتوگۆی دانانی ئەجندای کۆبوونەوە دەکرێ، دوای رێککەوتنیش ناوەرۆکی ئەجێنداکە دیاری دەکرێ و خاڵەکانی یەک لە دوا یەک تاوتوو دەکرێن و دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆوە."

ئاشكرای كردووە: "شاندی پارتی بە سەرۆكایەتی فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی و ئەندامیەتی ئازاد بەرواری، مەحمـوود محەمەد، جەعفەر ئیبراهیم، عێزەددین بەرواری، رێبوار یەڵدا".